سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن: دەست بە ئامادەکاریکردن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمان دەکرێت

سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، بڕیاری فەرمی پەرلەمانی کوردستانیان لەبارەی کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران پێگەیشتووە و ئەوانیش دەستدەکەن بە ئامادەکاریکردن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.

ئەمڕۆ سێشەممە 23ـی ئایاری 2023، هەندرێن محەممەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان لەبارەی کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە و ئامادەکاریکردن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، میوانی گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 بوو .

هەندرێن محەممەد بڕیاری پەرلەمانی کوردستان بۆ کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بە هەنگاوێکی “گرنگ” ناوبرد و، وەکو خۆی دەڵێت، کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن داوای نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بووە.

بەگوتەی هەندرێن محەممەد، نووسراوی فەرمی کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانیان لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پێگەیشتووە و مامەڵەی فەرمی لەگەڵ دەکەن؛ “بڕیارەکە لە دوو بڕگەی سەرەکی پێکهاتووە، بڕگەی یەکەم تایبەتە بە بەردەوامبوونی هەر حەوت ئەندامەکەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران و بڕگەی دووەمیشیان، دوو کەسی دیکە وەکو ئەندامی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران دەستنیشانکروان و ئێستا ئەنجوومەن بە نۆ ئەندام کاراکراوەتەوە”.  گوتیشی: “ئێمە (کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان) دامەزراوەیەکی دەستوورین و مامەڵە لەگەڵ دامەزراوە دەستوورییەکان دەکەین، ئەوەی لە پەرلەمان بۆمان بێت، ئێمە جێبەجێی دەکەین.”

سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، گوتی: “بڕیارەکە دەبێتە هۆی ئەوەی کۆمیسیۆن دەست بە ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بکات. ئامادەکارییەکان سەرەتا دارایی و کارگێڕیی دەبن، تاوەکو دەگاتە رۆژی هەڵبژاردن، چونکە پێویستە چاوێکمان لەسەر پەرلەمانیش بێت، تا ئێستا گفتوگۆکان لەنێوان لایەنە سیاسییەکان لەبارەی پرسی هەڵبژاردن و شێوازی بەڕێوەچوونی بەردەوامن. ئەوەی ئێستا لەسەر کۆمیسیۆنە، دەست بە ئامادەکاریکردن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان بکات”.

سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان دووپاتیکردەوە، کاتی پێویستییان لەبەردەمدا ماوە بۆ ئەوەی ئامادەکاری پێویست بۆ هەڵبژاردن بکەن، “هەرچەندە داوای شەش مانگمان کرد بۆ ئامادەکاریکردن بۆ هەڵبژاردن، بەڵام ئێستاش درەنگ نییە و دەتوانین ئامادەکاری پێویست بکەین”. ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم وەزارەتەکانی راسپاردووە، هەماهەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆن بکەن بۆ ئەوەی باشترین ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن بکرێت.

لەبارەی تۆماری دەنگدەران، هەندرێن محەممەد ئاشکرایکرد، تۆمارێکی دەنگدەرانی تایبەت بە خۆیان هەیە کە لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018ـی پەرلەمانی کوردستان کاریان پێکردووە، بەڵام وەکو خۆی ئاماژەی پێدا، ویستێک لەلایەن لایەنە سیاسییەکانەوە هەیە بۆ ئەوەی تۆماری بایۆمەتری عێراقی بەکاربهێندرێت و “ئێمەش پێمان باشە بەکاربهێندرێت و ئاسانکاری زیاتر بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەکات”.