ملكۆ بازیانی، سەرۆكی پارتی سەوزی كوردستان: سەرۆك بارزانی كاریزمایەكی سیاسیی بەهێزە لە هەرێمی كوردستان ‌و عێراق ‌و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا

مەزهەر كەریم – سلێمانى

ملكۆ بازیانی، سەرۆكی پارتی سەوزی كوردستان، لەم چاوپێكەوتنەدا بە گوتی: سەرۆك بارزانی هەر بڕیارێك بدات هەموو حزبەكانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لێدەكەن وتیشی: سەرۆك بارزانی داوایكرد پارتی و یەكێتی كۆببنەوە كۆبوونەوە و چەندین كۆبوونەوەی دیكەشی بەدوادا هات.

  • وەك پارتی سەوزی كوردستان ئامادەكاریتان كردوە بۆ هەڵبژاردن ؟
  • ئامادەكاریمان كردووە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، سەد كاندیدمان دەبێت بۆ هەڵبژاردن نامانەوێت لەئێستادا ناوی كاندیدەكان و زانیارییەکان ئاشکرا بکەین.
  • هەڵویستی ئێوە لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنەوە چییە؟
  • ئێمە لەگەڵ هەلومەرجی كوردستانین، بارودۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان گەر ڕێگە بەوە نەدا لەو وادەیەی دیاریكراوە هەڵبژاردن بكرێت، چەند مانگێك دوابخرێت ئەوە نابێتە كێشە، بەڵام هەڵبژاردن هەر نەكرێت ئەوە پاشەكشەی دیموكراسیە، دەبێتە زەوتكردنی مافەكانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان ئێمە لەگەڵیدا نین.
  • بەبڕوای ئێوە بۆچی هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا نەکرا؟
  • بەبڕوای ئێمە هیچ حزبێكی سیاسی ئامادەكاری تەواوی نەكردووە بۆ هەڵبژاردن، هۆكارەكەشی ناكۆكی سیاسی ‌و كێشەی ئابوری ‌و نەبوونی یەك دەنگی حزبەكان هەیە، هەربۆیە ئێمە پێمانوایە ئەستەمە لەوادەی خۆیدا هەموو کێشەکان چارە بکرێت و هەڵبژاردن بکرێت.
  • تاچەند دەستی وڵاتانی دراوسێ ڕۆڵیان هەیە لەدواخستی هەڵبژاردن؟
  • پێمان وانییە دەستی دەرەكی بەتایبەت وڵاتانی دراوسێ هەبێت لەدواخستی هەڵبژاردن، هەموو وڵاتان داوا دەكەن هەڵبژاردن چیتر دوانەخرێت لەكاتی خۆیدا بكرێت.
  • چۆن دەڕواننە وتارەكەی سەرۆك بارزانی لەیادگەی نیشتمانی بارزانی نەمر ؟
  • سەرۆك بارزانی كاریزمایەكی سیاسیی بەهێزە لە هەرێمی كوردستان‌ و عێراق ‌و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەركاتێك سەرۆك بارزانی بڕیارێك بدات من پێموایە هەموو حزبەكان پێشوازی لەبڕیارەكەی سەرۆك بارزانی دەكەن، خۆشتان دەزانن سەرۆك بارزانی وتی: دەبێت پارتی‌ و یەكێتی كۆببنەوە ئەوەبوو هەموومان بینیمان كۆبونەوە‌ و چەند كۆبوونەوەی تریشی بەدوادا هاتووە.
  • باست لەوەشكردبوو وتارەكەی سەرۆك بارزانی نەبووایە پارتی‌و یەكێتی لەو ماوە نزیكەدا كۆنەدەبوونەوە؟
  • بەڵی ئێستاش دەڵێم قسە و وتەكانی سەرۆك بارزانی نەبووایە لەوتارەكەیدا، پارتی ‌و یەكێتی دوو ساڵی دیكەش كۆنەدەبوونەوە‌ و تیمی یەكێتی هەر نەدەگەڕایەوە حكوومەت.
  • تێڕوانینتان بۆ پێداگریی پلاسخارت لەبرەی هەڵبژاردنەوە چۆنە؟
  • پێویستە قسەكانی بەجدی وەربگیرێت، چونكە قسەكانی ئەو قسەی نەتەوەیەگكرتووەكانە، حزبەكانیش لەگەڵ هەڵبژاردندان، هەمووشمان ئەوەدەزانین خەڵكی خەمخۆر لەناوخۆدا ئەوە دەڵێنەوە حكوومەتی هەرێم ‌و هەرێمی كوردستان بەبێ بوونی هەڵبژاردن ‌و سیستەمی دیموكراسی ناتوانێت تاسەر بەردەوام بێت.
  • وڵاتانی ڕۆژئاوا چۆن دەڕواننە دواخستی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان؟
  • دەوڵەتانی ڕۆژئاوا نێگەرانن لە نەكردنی هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا‌ و دواخستی، هەربۆیە دەبینین گوشار دەكەن گوشارەكانیشیان دیارە، هەقە سەركردایەنی كورد گوشار و داواكانی ڕۆژئاوا بەجدی لەبەرچاوبگرێت.
  • وەك حزبێكی ئۆپۆسیۆن گوشارەكانتان لەسەر حزبەكانی لەناو حكومەتدابوون تا هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا بكرێت چی بووە؟
  • ئێمە لەگەڵ سەرجەمی حزبەكانی دەسەڵات كۆبووینەوە و پێمانوتون پێویستە هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا بكرێت چیتر دوانەخرێت، كۆمسیۆن كارابكرێتەوە ئەوەی لەسەر ئێمە بووە كردوومانە.