ئه‌مڕۆ مه‌سرور بارزانی پێشانگای نێودەوڵەتیی بیناسازی و ئاوەدانکردنەوە لە هەولێر دەکاتەوە 

سەرۆکی حکومەتی هه‌رێمی كوردستان، پێشانگەی نێودەوڵەتیی بیناسازی و ئاوەدانکردنەوە لە هەولێر دەکاتەوە .  
ئەمڕۆ سێشەممە 5/23 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کاتژمێر 10:30 پێشانگەی نێودەوڵەتیی بیناسازی و ئاوەدانکردنەوە لە هەولێر دەکاتەوە و پاشان لە پانێلێکی تایبەتدا بەشدار دەبێت.

لە پێشانگاكەدا 214 كۆمپانیا لە 15 وڵاتی جیاواز و زیاتر لە 400 بڕاندی جیهانی بەشداری دەكەن.
ئەم پێشانگایە جیاوازە لە پێشانگاكانی دیكە و سەردانكردن سنووردارە و تەنیا بازرگانان دەتوانن سەردانی پێشانگاكە بكەن و لە نزیكەوە بازرگاكانی دیكە ببینن.
لەوباریەوە حەسەن سامی، بەڕێوەبەری كارگێڕی سەنتەری پێشانگاكانی هەولێر، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا گوتی: پێشانگاكە ماوەی چوار رۆژ دەخایەنێت و تیاییدا زیاتر لە 400 بڕاندی جیهانی بەشدارن و تیاییدا بازرگانان دەتوانن لەو ماوەیەدا ئاڵوگۆڕە بازرگانییەكانییان ئەنجام بدەن.
گوتیشی: ئەم پێشانگایە سنووردارە و تەنیا بازرگانان دەتوانن سەردانی بكەن، رێككارەكانیش ئەوەیە كە پێشتر بازرگانان خۆیان تۆمار دەكەن، واتا سەردانیكردن بۆ هەموو كەس رێگاپێدراو نییە.
لەبارەی ژمارەی كۆمپانیا بەشداربووەكانیش، حەسەن سامی گوتی: لە پێشانگاكەدا 214 كۆمپانیا لە 15 وڵاتی جیاوازەوە بەشدارن، لەسەدا 80ی كۆمپانیاكان بیانین و لەسەدا 20ی ناوەخۆیین، پێشبینی دەكرێت ژمارەیەكی زۆر ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەمیانی پێشانگاكەدا هەبێت.