جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان راگەیەندراوێكی بۆ دامەزراوە دەستوورییەكانی هەرێمی کوردستان و رایگشتی بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: “سەرۆكی پەرلەمان بە نایاسایی و ناپەیڕەوی هەوڵی كۆتاییپێهێنانی دا و دانیشتنەكەی بەجێهێشت، جێگری سەرۆكی پەرلەمان لەژێر رۆشنایی ئەو دەسەڵاتەی كە بڕگەی یەكەم لە ماددەی (19)ـی پەیڕەوی ناوخۆ پێیدراوە لە “پیادەكردنی سەرجەم دەسەڵاتەكانی سەرۆك، لەكاتی ئامادەنەبوونیدا” سەرۆكایەتی دانیشتنی ئاماژە بۆ كراوی سەرەوەی كرد و بە پشتبەستن بە بنەما پەیڕەوییەكان دانیشتنەكەی بەڕێوە برد”.
ئاماژە بەوەشکراوە: “هەموو دەرەنجامەكانی ئەو دانیشتنە دوای بەردەوامبوونی بەهای یاسایی و پەیڕەوی خۆیان دەبێت”.
دەقی راگەیەندراوەکە:.
بەر مەبنای دانیشتنی ئاسایی ژمارە (4)ـی ڕۆژی دووشەممە 22-5-2023 كە سەرۆكی پەرلەمان بە نایاسایی و ناپەیڕەوی هەوڵی كۆتاییپێهێنانی دا و دانیشتنەكەی بەجێهێشت، جێگری سەرۆكی پەرلەمان لەژێر ڕۆشنایی ئەو دەسەڵاتەی كە بڕگەی یەكەم لە ماددەی (19)ـی پەیڕەوی ناوخۆ پێیدراوە لە “پیادەكردنی سەرجەم دەسەڵاتەكانی سەرۆك، لەكاتی ئامادەنەبوونیدا” سەرۆكایەتی دانیشتنی ئاماژە بۆ كراوی سەرەوەی كرد و بە پشتبەستن بە بنەما پەیڕەوییەكان دانیشتنەكەی بەڕێوە برد.
بەو پێیەی كە دانیشتن دەستی پێكردبوو، نیسابی یاسایی دەستەبەر بوو، بەرنامەی كار تەواو یاسایی و پەیڕەویی بوو، بۆیە لەو كاتەدا دەسەڵاتی سەرۆكی پەرلەمان نییە كە بە لێكدانەوەی نایاسایی و ناپەیڕەوی پشت بە بڕگەی سێیەم لە ماددەی (18)ـی پەیڕەو ببەستێت و دانیشتنەكە دوا بخات. بەڵكو لەمبارەدا ئەگەر دواخستن و هەڵپەساردنێك پێویست بووایە، ئەوا بەپێی بڕگەی دووەم لە ماددەی (48) ئەوە دەسەڵاتی دەستەی سەرۆكایەتی دەبوو لەگەڵ ڕەزامەندی زۆرینەی پەرلەمانی. بەو پێیەش كە زۆرینەی دەستەی سەرۆكایەتی و زۆرینەی پەرلەمانی لەگەڵ بەردەوامبوونی دانیشتنەكەدا بوو، بۆیە لێرەوە ڕایدەگەیەنین:
یەكەم: هەموو دەرەنجامەكانی ئەو دانیشتنە دوای بەردەوامبوونی بەهای یاسایی و پەیڕەوی خۆیان دەبێت.
دووەم: لەبەر ئەوەی سەرۆكی پەرلەمان هۆڵی دانیشتن و باڵاخانەی پەرلەمانیشی بەجێهێشتبوو، بە ئامادە نەبوو هەژمار دەكرێت. بۆیە بەپێی بڕگەی (1)ـی ماددەی (19)ـی پەیڕەو و سەرجەم دەسەڵاتەكانی لەلایەن جێگری سەرۆكی پەرلەمانەوە پیادە دەكرێت و پێویستی بەهیچ تەفویزێك نییە. بۆیە هەموو نووسراوێك كە بە واژۆی جێگری سەرۆكی پەرلەمان لەبارەی دەرەنجامەكانی دانیشتنی ژمارە (4)ـی ڕێكەوت 22-5-2023 بۆ هەر دامەزراوەیەك بنێردرێت هەموو بەهایەكی یاسایی هەیە.
نووسینگەی ڕۆژنامەوانی