سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی: کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن بڕیارێکی گرنگ بوو


سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە بڕیاری کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە دەکات و رایگەیاند، شەرعییەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن دۆستەکانمانەوە لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی کوردستان کەوتبووە ژێر پرسیارەوە؛ ئایا خەڵکی هەرێمی کوردستان باوەڕی بە پڕۆسەی هەڵبژاردن و دیموکراسی هەیە یان نا.

ئەمڕۆ دووشەممە (22ـی ئایاری 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی گوتارێکدا لە ئاکرێ رایگەیاند، “ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان بڕیاری کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی دا بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بکرێت، دەستخۆشی لە ئەندامانی پەرلەمان دەکەم بۆ دەرکردنی ئەم بڕیارە گرنگە، چونکە بەڕاستی شەرعییەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن دۆستەکانمانەوە لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی کوردستان کەوتبووە ژێر پرسیارەوە؛ ئایا خەڵکی هەرێمی کوردستان باوەڕی بە پڕۆسەی هەڵبژاردن و دیموکراسی هەیە یان نا”.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر کێشە هەبێت، چارەسەریش دەکرێت، بەڵام هیچ شتێک نابێت رێگری لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن بکات، بۆیە ئەم بڕیارەی دراوە، پشتڕاستکردنەوەیەک بوو، کە خەڵکی هەرێمی کوردستان باوەڕی بە پڕۆسەی هەڵبژاردن و دیموکراسی هەیە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هیوای خواست، هەڵبژاردن لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا لە کۆتایی ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت.

رۆژی دووشەممە (22ـی ئایاری 2023)، پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی 58 پەرلەمانتار و بەبێ ئامادەبوونی سەرۆکی پەرلەمان و فراکسیۆنەکانی یەکێتی و گۆڕان، ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان پەسەندکرد.

رۆژی (21ـی ئایاری 2023)، لەسەر داوای فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانى كوردستان، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ ‌ئاراسته‌ی گشت ئه‌ندامانى په‌رله‌مانی کردووە‌، ئاماژەی بەوەکردووە، خاڵێکی دیکە بۆ دانیشتنی سبەی دووشەممە زیادکراوە، ئەویش كاراكردنه‌وه‌ى ئه‌نجوومه‌نی كۆمیسیارانە بۆ ماوه‌ى پێنج ساڵ لە رێکەوتی تەواوبوونی ماوەی یەکەمی لە ( 23ـی کانوونی یەکەمی 2019).

هەروەها رۆژی (26ـی ئاداری 2023)، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: “سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2005ی هەموارکراو کە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە بە فەرمانێک رۆژی (18ـی تشرینی دووەمی 2023) بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە”.