عەلی تەتەر: لە دوو ساڵدا 242 پڕۆژە لە قەزاکانی ئاکرێ و بەردەڕەش ئەنجامداون

لەمیانی کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ چین و توێژەکانی قەزاکانی ئاکرێ و بەردەڕەش، پارێزگاری دهۆک لە وتەیەکدا ئاماژەی بە پڕۆژەکانی ناوچەکە کرد و رایگەیاند، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا 242 پڕۆژە لە قەزاکانی ئاکرێ و بەردەڕەش ئەنجامدراون.

عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە وتەیەکدا بەخێرهاتنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد، بۆ هەردوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش و کۆبوونەوەی لەگەڵ چین و توێژەکانی ناوچەکە، رایگەیاند: هەر جارێک سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی سنووری پارێزگای دهۆکی کردبێت بۆ دانانی بەردی بناغەی پڕۆژە یان کردنەوەی پڕۆژەی گرنگ بووە.

گوتیشی: “لە کابینەی نۆیەم زۆر پڕۆژەی گرنگ ئەنجامدراون، لامەرکەزی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری راستەوخۆ یەکێکە لە بڕیارە گرنگەکان بۆ خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییان، ئەو بڕیارە وایکرد کە خەڵک لە ناوچە دوورەکان بۆ راییکردنی مامەڵەکانیان بچنە ناوەندی پارێزگاکان”.

عەلی تەتەر، گوتی: “لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا حکومەتی هەرێم بە گوژمەی 257 ملیار و 545 ملیۆن دینار، 242 پڕۆژەی جۆراوجۆری لە سنووری هەردوو قەزاکانی ئاکرێ و بەردەڕەش ئەنجامداوە، لە کۆی ئەو پڕۆژانە 141 پڕۆژە خراونەتە خزمەتی هاووڵاتییان، لە هەفتەی داهاتووشدا بەردی بناغەی ژمارەیەک پڕۆژەی دیکە بە گوژمەی 10 ملیار دینار لە هەردوو قەزا دادەنرێن، هەر پڕۆژەیەک لەلایەنە پەیوەندیدارەکانەوە گەیەندراونەتە ئێمە و لە رێگەی ئێمەوە گەیەندراونەتە سەرۆکی حکومەت و هەموویان جێبەجێ کراون”.