سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی: هەنگاوێکی پەیرەوی و یاساییمان نا

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران ئاماژە بەوە دەدات، هەنگاوێکی پەیرەوی و یاساییان ناوە  و ئەو بڕگەیە بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمان دەنگی لەسەر دراوە و ئەنجوومەنەکە کارا کراوەتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 22ـی ئایاری 2023، زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە تەلاری پەرلەمان رایگەیاند،  رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەبێ ئەوەی بگەڕێتەوە بڕگەکانی ماددەی 48 و راوێژ بکات بە دەستەی سەرۆکایەتی بۆ دواخستنی برگەی بەرنامەی کار، بڕگەی کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی دواخستووە.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی روونیشیکردەوە، لە بڕگەکانی ماددەی 48دا هاتووە، “دواخستنی هەر بڕگەیەکی بەرنامەی کار لە دەسەڵاتی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانە، نەک تەنها سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان”، بۆیە بە پشتەبەستن بەم بڕگەیە، هێمن هەوارامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان داوایکردووە بە بەردەوامبوونی دانیشتنەکە و دەنگدان لەسەر بڕگەی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن. ئاماژەی بەوەشکرد، “بە کۆی دەنگی ئەو ئەندام پەرلەمانانەی کە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنبووون و لەگەڵ ئەوەدا نەبوون بۆشایی یاسایی لە هەرێمی کوردستان دروست ببێت، بڕیاردارا دانیشتنەکە بەردەوام بێت و دەنگ لەسەر بڕگەی کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی دا.”

لەبارەی بەکار‌‌هێنانی زۆرینەی پەرلەمان، کە بە دەست فراکسیۆنی پارتییە و 45 کورسی هەیە، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گوتی: ئێمە زۆرینەی پەرلەمانی لەپێناوی ئارامیدا بەکاردەهێنین و کاتێک کە هەوڵ بدرێت بۆشایی لە هەرێمی کوردستان دروستبکرێت و ئێمە رێگڕ بین، بۆیە ئەم بڕیارە کوردستانییەمان دا بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان نەکەوێتە بۆشایی یاساییەوە.

زانا مەلا خالید دەنگدان لەسەر بڕگەی کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بە “هەنگاوێکی تەواو پەیرەوی و یاسایی بوو” ناودەبات و دەڵێت: “بەپێێ بڕگەی دووەم لە ماددەی 48، ئەم بابەتە خرایە دەنگدان و دەنگی پێویستی بەەدەست هێنا و بەگوێرەی بڕگەی یەکەمی هەمان ماددە جێگری سەرۆکی پەرلەمان بڕگەی کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی سەر بە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و راپرسی هەرێمی کوردستانی خستە دەنگدانەوە و بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی پەرلەمان دەنگی پێویستی بەدەستهێنا.”

زانا مەلا خالید بە ئاماژەدان بەوەی، “پشێوی دروستکردن و هێنانەوەی ئاژەوە لە نێو هۆڵی پەرلەمانی کوردستاندا لە دەرەوەی هەموو پرەنسیبێکی کارێکی پەرلەمان و بەیەکەوەییە”، دووپاتیشیکردەوە، خواستی پارتی و فراکسیۆنەکەی نەبوو ئەو گرژی و ئاڵۆزییانە لەنێو هۆڵی پەرلەماندا دروست ببن.