سەعید كاكەیی ئەندامی پێشووی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق و شارەزای بواری هەڵبژاردن لەم چاوپێكەوتنەدا دەڵێت: پێویستە هەمووان لەدەوری وتارەكەی سەرۆک بارزانی كۆببنەوە كە لە یادگەی نیشتمانی بارزانی نەمردا پێشكەشی كرد. دەشڵێت: پێویستە هەردوو جەمسەر دەسەڵات و ئۆپۆسیۆن ڕێكبخرێتەوە لەسندوقی دەنگداندا ببینرێت.
- باسی ئەوەت كردبوو دواخستی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تەمەنی هەرێم كورت دەكاتەوە ئەم بۆچوونە بۆچی ؟
- مەستەكەم ئەوەیە ئەگەر هەڵبژاردن نەكرێت ماهیەت و پێگەی حزبەكان لاواز دەبێت پاشان حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەسەڵاتەكانی لاواز دەبن و دەپووكێتەوە.
- بەبڕوای ئێوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان یەك بازنەیی، یان فرە بازنەیی بێت باشە ؟
- فرەبازنەیی باشترە، چونكە ئەو كاندیدانەی خەڵكی ناوچەكە دەیانناسن سەردەكەون بۆ پەرلەمان جا چی حزبی بن یان سەربەخۆبن، بەڵام لەیەك بازنەییدا وەها نییە و بەپێچەوانەوە دەبێت.
- پێتانوایە هەڵبژاردن لەو وادەیەی دیاریكراوە بكرێت؟
- لەو وادەیەی دیاریكراوە زۆر زەحمەتە بكرێت، چونكە هێشتا حزبەكان ڕێكنەكەوتوون لەسەر پرسی هەڵبژاردن، كۆمسیۆن كارانەكراوەتەوە و كاروبارە هونەرییەكانی دەستنیشان نەكراوە بۆ ئەم كارانەش كۆمسیۆن بەلانی كەمەوە شەش مانگی دەوێتع بۆیە پێموایە هەڵبژاردن دەكەوێتە نەورۆزی ساڵی داهاتوو.
- خوێندنەوەتان بۆ قسەكانی پلاسخارت نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان لە هەرێم چۆنە، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دووبارە باسی پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمان و كوردستانی كردەوە لەبارەگای نەتەوەیەكگرتووەكان؟
- قسەكانی پلاسخارت دەچێتە خانەی گوشار و فشارەوە، ئەمەش بۆ ئەوەیە حزبەكان لە پەرتەوازەیی دەربهێنرێن بتوانن ئیدارەی ناوچەكە بەڕێوەبەرن.
- زیاتر لەحزبێك لە دەڤەری سلێمانی، هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا ڕەتدەكەنەوە بۆچی؟
- ئەوەی من بزانم خواستی هەڵبژاردن لە سنووری سلێمانی باشە، بەڵام چەند دەستە و گروپێك هەن لەناو حزبەکاندا کە لەشوێنی دیكەش هەیە، لەبەرژەوەندیاندا نییە هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا بكرێت، لە بەرژوەندیاندایە ئەم دۆخە هەروا بڕوات ئەم پاشاگەردانیە لەبەرژەوەندی ئەواندایە، بەڵام ئەوانەی دڵسۆزی هەرێمی كوردستان و گەلی كوردستانن لەگەڵ هەڵبژاردنن.
- پێتانوایە دەستی دەرەكی هەبێت بۆ نەكردن یان دواخستی هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا ؟
- هەر هەموو ئەندامانی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەگەڵ ئەوەدان هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا بكرێت، جگە لە وڵاتانی ئیقلیمی و توركیا و ئێران، کە ئەمەش کاریگەریی لەسەر هەندێک لایەن هەبووە.
- لە وتارەكەی سەرۆك بارزانیدا لە یادگەی نیشتمانی بارزانی نەمر، داوای كرد پارتیو یەكێتی كۆبنەوە و كێشەكانیان چارە بكەن، لایەنەکان پێویستە چۆن بڕواننە ئەم وتارە؟
- هیوادارم وتارەكەی سەرۆک بارزانی بێتە دەستپێشخەرییەك بۆ یەكگرتی ئەم هێزە كوردیانە، زۆر پێویستە لایەنە سیاسیەكان بە تایبەت ئەوانەی دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە، كۆببنەوە بڕیارێك بدەن بەتایبەت لەبارەی پرسی هەڵبژاردن.
- ئەی لەبارەی ئۆپۆسیۆنەوە چی دەڵێیت كە لەبابەتی پرسی هەڵبژاردن بێدەنگن؟
- ئۆپۆسیۆنیش پێویستی بەخۆڕكخستەوە هەیە، پێویستە هەمووان بەو وتارەی سەرۆک بارزانی كۆببنەوە. سەرۆک بارزانی وتارێكی جوانی پێشكەش كرد پێویستە هەمووان لەژێر چەتری وتەكانی ئەودا كۆببنەوە. جەمسەری دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن ڕێك بخرێتەوە لەسندوقی دەنگدانەوە ئاكامەكە دیاری بكرێت مەبەستیشم ئەو كەسانەیە وەك ئۆپۆزسیۆن كە لەسێ دەسەڵاتەكەدا نوێنەریان نییە وەك خەڵكی ناڕازی.
- بۆچوونێک هەیە دژی هەڵبژاردنە لە هەرێمی کوردستان، کاریگەریی هەڵبژاردن چییە؟
- من لەگەڵ ئەوەدام مادەم هەڵبژاردن پڕۆسەیەكی دیموكراسیە لەهەموو حاڵەتەكاندا هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا بكرێت باشترە لەوەی نەكرێت، چونكە ئەگەر هەڵبژاردن بكرێت لەكاتی خۆیدا جۆرێك لە ڕەوایی دەدات بەسیستەمی دیموكراسی و دەسەڵاتەكان بەڵام نەكرێت وڵات دەبێتە پاشاگەردانی.