پارتی و گۆڕان لە هەولێر کۆبوونەوە و جەخت لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکەنەوە

ئەمڕۆ یەکشەممە (21ـی ئایاری 2023)، شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی لە شاری هەولێر سەردانی بارەگای سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕانی کرد و لەلایەن شاندێکی بزووتنەوەکەوە بە سەرۆکایەتی مستەفای سەید قادر پێشوازییان لێکرا.

تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی، پێکهاتبوو.

دوای کۆبوونەوەکەش، له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانی هاوبەشدا، جه‌عفه‌ر ئیمێنكی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی پارتی رایگه‌یاند، هه‌ریه‌ك له‌ پارتی و یه‌كێتی و گۆڕان له‌باره‌ی پرسی هه‌ڵبژاردن و بابه‌ته‌ چاره‌نووسسازه‌كان هاوڕان و لێكنزیكبوونه‌وه‌یه‌كی زۆر له‌نێوانیاندا هه‌یه‌ و هه‌موو لایه‌ك كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ كاتی دیاریكراوی خۆیدا به‌ڕێوه‌بچێت.

بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی پارتی گوتیشی، له‌ كۆبوونه‌وه‌كانیان له‌گه‌ڵ ته‌واوی لایه‌نه‌كان به‌رده‌وام ده‌بن.

لەلایەن خۆیەوە، كاردۆ محەممه‌د، ئه‌ندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان جه‌ختی كرده‌وه‌، بزووتنه‌وه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یه‌ هه‌ڵبژاردنێكی پاك و بێگه‌ر به‌ڕێوه‌بچێت و دووپاتیكرده‌وه‌، ده‌بێت كار بۆ بچووككردنه‌وه‌ی درزی نێوان لایه‌نه‌كان بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن پڕۆسه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌ببه‌ن، كه‌ ئه‌نجامه‌كانی له‌ خزمه‌ت به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌موو خه‌ڵكی كوردستاندا بێت.