هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

عه‌بدوڵڵا حاجی مه‌حموود: دەبێت پێكهاته‌كان خۆیان بڕیار له‌ چۆنیه‌تی به‌شداریكردنیان له‌ هه‌ڵبژاردن بده‌ن

ئەمڕۆ یەکشەممە (21ـی ئایاری 2023)، شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی لە شاری هەولێر سەردانی بارەگای پارتی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان کرد و لەلایەن شاندێکی ئه‌و حزبه‌ بە سەرۆکایەتی عه‌بدوڵڵا حاجی مه‌حموود، جێگری سكرتێری پارتی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان پێشوازییان لێکرا.

تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە، بریتی بوو له‌ پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی.

دوای کۆبوونەوەکەش، له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا عه‌بدوڵڵا حاجی مه‌حموود رایگه‌یاند، شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌مه‌به‌ستی گه‌یاندنی په‌یام و راسپارده‌ی سه‌رۆك بارزانی سه‌ردانی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستانیان كرد، به‌ ئامانجی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ سیاسی و یاساییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.

له‌باره‌ی به‌شداریكردنی پێكهاته‌كان له‌ هه‌ڵبژاردن، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆكن، كه‌ پێكهاته‌كان خۆیان بڕیار له‌ باره‌ی چۆنیه‌تی به‌شداریكردنیان بده‌ن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان. گوتیشی، پێكهاته‌كان به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بڕیار له‌باره‌ی ئه‌و بابه‌ته‌وه‌ ده‌ده‌ن.

جێگری سكرتێری پارتی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان هه‌روه‌ها گوتی، هه‌موو لایه‌ك ئومێده‌وارن هه‌ڵبژاردن له‌ واده‌ی خۆیدا بكرێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش چاوه‌ڕوانی ئه‌نجامی ئه‌و سه‌ردانه‌ سیاسییانه‌ی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌كه‌ن، جه‌ختیشیكرده‌وه‌، كۆبوونه‌وه‌كان ئه‌رێنین و چاوه‌ڕوانی ئه‌نجامی باشیان لێ ده‌كرێت.

له‌باره‌ی بارودۆخی هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌، دووپاتیكرده‌وه‌، كه‌ هه‌رێمی كوردستان قه‌واره‌یه‌كی ده‌ستوورییه‌، بۆیه  له‌ رووی یاسایی و ده‌ستوورییه‌وه‌‌ هیچ كێشه‌ و مه‌ترسییه‌كی بۆ دروست نابێت.