ڕۆژی 16 ئایاری 2023، وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی سەبارەت بە ئازادیی ئایینی لە جیهان بۆ ساڵی 2022 بڵاو کردەوە؛ ڕاپۆرتەکە گشتگیرە و باس لە ڕەوشی ئازادییە ئایینییەکان لە سەرتاسەری جیهاندا دەکات؛ تێیدا تیشک خراوەتە سەر چەند بابەتێک، لەوانە: جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنی شنگال، نەگەڕانەوەی ئاوارەکان و چەند بابەتێکی تر.
حکومەتی هەرێم بە گرنگییەوە لە ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە ئازادییە ئایینییەکان دەڕوانێت؛ ڕاپۆرتەکە تیشکی خستووەتە سەر چەند بابەتێک کە حکومەتی هەرێم هەنگاوی ئەرێنیی زۆری ناوە لەپێناو پاراستنیان و بەرژەوەندیی پێکهاتەکان، بەبێ جیاوازی لەسەر بنەمای ئایین، نەتەوە، نەژاد و مەزهەب.
سەبارەت بە ڕەوشی شنگال، ڕۆژی 10ی تشرینی یەکەمی2020، بە سەرپەرشتیی جنین پلاسخارت، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ، ڕێککەوتننامەی شنگال واژوو کرا، کە دەبێتە هۆکاری سەقامگیریی ناوچەکە و دووبارە ئاوەدانکردنەوەی و گێڕانەوە دانیشتووانی ناوچەکە بۆ زێدی خۆیان. بەڵام لێرەدا پێویستە ئاماژە بە ڕۆڵی یۆنامی بکرێت کە پێشبینیی ئەوە دەکرا ڕۆڵی کاریگەرتریان لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەکە بەپێی کاتی دیاریکراو هەبووایە.
سەرەڕای چەندین کۆبوونەوە لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەڵام تا ئێستا ڕێککەوتننامەکە نەکەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەمەش وای کردووە جموجۆڵی تیرۆریستان و شانە نووستووەکانیان لەو ناوچەیەدا زیاتر بێت و سەدان هاووڵاتی ببنە قوربانی.
حکومەتی هەرێم سیاسەتی گەڕانەوەی ئازادانەی ئاوارەکان پەیڕەو دەکات و یارمەتیدەرە بۆ گەڕانەوەیان، لەلایەکی دیکەوە بوونی گرووپی چەکداری بیانی لە شنگال، وای کردووە زۆرجار ئەم ناوچەیە ڕووبەڕووی هێرشی ئاسمانی و بۆمببارانی وڵاتانی هەرێمی ببێتەوە. پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان بەشدارییەکی کارایان لە ژیانی سیاسیدا هەیە؛ پێکهاتەکان ئازادن لە هەڵبژاردنی نوێنەرانیان لە پەرلەمان و یەکە ئیدارییەکان و ڕاوێژی بەردەوامیان لەگەڵ یۆنامی لەم ڕووەوە هەیە.
لە لایەکی دیکەوە لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ یەکەمجار ئافرەتێکی کریستیان دەسەڵاتی دادنووسی لە فەرمانگەی دادنووسیی عەنکاوە پێ درا.
لەبارەی ئیدارە خۆجێیەکان، بە قەزاکردنی عەنکاوە لە سنووری پارێزگای هەولێر، بە ناحیەکردنی خانکێ لە سنووری پارێزگای دهۆک، دانانی کەسایەتییەکی ئێزدی وەک بەڕێوەبەری ناحیە لە سنووری پارێزگای دهۆک، جێبەجێ کراون؛ هەروەها لە ناوچە دابڕێندراوەکان بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە کەرکوک و قەزای مەخموور کرایەوە.
لە هەولێر بەردی بناغەی کڵێسا و بارەگای سەرەکیی پاتریاکی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری لە جیهان دانراوە؛ ئێستا ڕەشنووسێکی یاسای نوێ ئامادە کراوە کە زیاتر برەو بە ڕەوشی پێکەوەژیان و زامنکردنی مافی زیاتر بۆ پێکهاتە ئایینییەکان و خزمەتکردنیان لە هەموو کایەکانی ژیان دەدات.
هەروەها لەڕووی دابینکردنی بودجەی پێویست بە قوتابخانەی پێکهاتەکان، هەمان ڕێوشوێن و ڕێنمایی قوتابخانەکانی تر دەیانگرێتەوە و هیچ جیاوازییەکی تێدا نییە.
سەبارەت بە کێشەی زەویوزاری کریستیانەکان، بە فەرمانى سەرۆکى ئەنجوومەنى وەزیران، لیژنەى چارەسەرى کێشەى زەویوزارى کریستیانەکان بەرفراوانتر کرا؛ بۆ ئەوەی هەوڵەکانى حکوومەت بۆ چارەسەرى گرفتەکان چڕتر بکرێن. هەروەها لەڕووی دەسەڵاتی جێبەجێکارییشەوە، ڕێکاری پێویست لەم ڕووەوە بگیرێتە بەر.
لە لای خۆیەوە، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، ئەو لایەنەیە کە سکاڵای هاووڵاتیان وەردەگرێت و لە ماوەی ڕابردوودا ژمارەیەک لە سکاڵاکانی وەرگرتووە و ڕەوانەی وەزارەتی ناوخۆی کردووە کە بەشێک لەو کەیسانە پەیوەستن بە ڕێکارە یاساییەکان. پێویستە ئاماژە بەوەش بکرێت ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی شارۆچکەی عەنکاوە قەرەبوویان وەرگرتووە.
لیژنەی باڵای فەتوای یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلام لە کوردستان، فەتوایەکی دەر کرد کە دەستبەسەرداگرتنی زەوی یان موڵکی هەر کەسێک قەدەغە دەکات، جا موسڵمان، مەسیحی، جوولەکە، ئێزیدی، کاکەیی بێت، یان هەر پێکهاتەیەکی تر بێت، دروست نییە؛ حەرامە و پێچەوانەی شەریعەتە. فەتواکە پاراستنی شوێنە ئاینییەکانیش لە کاتی شەڕ و ململانێکاندا دەگرێتەوە.