رۆژنامەی ھەولێر

فراکسیۆنی پارتی داوا لە سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکات برگەی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن بخاتە بەرنامەی کاری دانیشتنی سبەی

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، داوایان لە سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە برگەی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بخاتە نێو بەرنامەی کاری دانیشتنی سبەی پەرلەماندا. دەشڵێت: “بۆ ئەوەی هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، پارتی رازی بوو  لەسەر بنەمای پێشنیازەکانی یەکێتی و لایەنەکان هەمواری یاسای هەڵبژاردن بکەینەوە”. 

ئەمڕۆ یەکشەممە 21ـی ئایاری 2023، زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بە ئامادەبوونی سەرجەم ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە تەلاری پەرلەمان ئەنجامدا؛ تێیدا ویستی پارتی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا دووپاتکردەوە.

بەگوتەی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، لە کۆبوونەوەکانیاندا لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان لەبارەی پرسی ئەنجامدانی هەڵبژادن و چۆنیەتی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن؛ لایەنەکان داوایان کردووە، کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان وەکو خۆی کارابکرێتەوە و نەچێتە سەر بەرکەوتەی ئەنجامی هەڵبژاردنی ساڵی 2018، “بۆ ئەوەی هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، پارتی بەو پێشینازە رازی بوو و رازیش بووین لەسەر بنەمای پێشنیازەکانی یەکێتی و لایەنەکان هەمواری یاسای هەڵبژاردن بکەینەوە، کە هەرێمی کوردستان لە یەک بازنەییەوە بکرێتە چوار بازنە، سیستەمی لیستی کاندیدان بکرێتە سەدا 50 بە 50، بەکارهێنانی ئامێری ئەلیکترۆنی کۆمیسیۆنی عێراق بکرێتە بنەما و بەو شێوازە هەڵبژاردن بکرێت”.