ئەمرۆ پێنجشەممە 2023.5.18، لەژێرچاودێرى و ئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لەڕێورەسمێکدا، دواى نۆژەنکردنەوەی باخی شار بەڕووى هاوڵاتییان کرایەوە، کە بەگوژمەى (300 ملیۆن دینار) بەسەرپەرشتى ڕاستەوخۆى پارێزگاى هەولێر نۆژەنکراوەتەوە.
لەڕێورەسمەکەدا کە هەریەک لە بەڕێوەبەرى ئەندازەى پارکەکان و بەڕێوەبەرى شارەوانى یەک و بەڕێوەبەرى یەکگرتووى بانکەکانى عێراق و ئەندازیارانى سەرپەرشتیارى پڕۆژەکە ئامادەى بوون، پارێزگارى هەولێر وێڕاى دەستخۆشی لەسەرپەرشتیارانى پڕۆژەى نۆژەنکردنەوەى باخى شار، داواى لە هاوڵاتییان کرد هاوکاربن و پاک و خاوێنى ئەم شوێنە ببپارێزن کە بۆتە ناوچەیەکى گەشتیارى ناوەندى شارەکەمان.
جێگەى باسە، باخى شار کە کەوتۆتە ناوەندى شارى هەولێر و دامێنى قەڵا، بە هۆى دیمەنى جوان و نافوورەکانى و شوێنەکەى کە ناوجەرگەى بازاڕە، ڕۆژانە و بەتایبەتى لە كاتی بۆنە و ئاهەنگەكان ژمارەیەكی زۆر لە گەشتیار لە ناوەڕاست و خواروى عێراق و وڵاتانى دیکە و هاوڵاتییانى شار ڕووی تێدەكەن و یەکێکە لەو شوێنانەى کە بۆتە ناوچەیەکى گەشتیارى ناوەندى شارى هەولێر و لە 2023.1.18، بەگوژمەى (300 ملیۆن دینار) لەسەر ئەرکى یەکگرتووى بانکەکانى عێراق و لەلایەن کۆمپانیایى کارتال و بە سەرپەرشتى ڕاستەوخۆى پارێزگاى هەولێر دەست بە نۆژەنکردنەوەى کرا، ئەمڕۆش دواى نۆژەنکردنەوەى بەڕووى هاوڵاتییان کرایەوە.






