وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دانیشتووانی گوندی رەشکین لە باشترین شوێنی شاری هەولێر قەرەبوو دەکرێنەوە و هەروەها راشیگەیاند، شوێنی گوندی رەشکین دەکرێتە شەقامی دوو ساید و پاڕک و ناوچەی سەوزایی بە ناوی “رەشکین” دروستدەکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ( 18ــی ئایاری 2023)، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و دادوەری داواکاری گشتی و سەرۆكی شارەوانیی هەولێر و قائیمقامی ناوەندی هەولێر و لیژنەی قەرەبووكردنەوە و دانیشتووانی گوندی رەشكین لە سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر، پرۆسەی تیروپشك بە پێدانی چەند پارچە زەوییەك بۆ قەرەبووكردنەوەی هەر خاوەن مافێکی گوندی رەشكین بەڕێوەچوو و هەر ئەمڕۆش سەنەدی زەوییەكانیان وەرگرت.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەمیانەی بەڕێوەچوونی پرۆسەی تیروپشك لە وتارێكدا بۆ دانیشتووانی گوندی رەشكین سەبارەت بە شێوازی قەرەبووكردنەوەكە رایگەیاند، “مافی دانیشتووانی رەشكین زۆر بە زیادەوە حسابی بۆ كراوە و لە شوێنە زۆر باشەكانی شاری هەولێر زەویەکانیان وەردەگرن، ئاماژەی بەوەش كرد، رەشكین كەوتووەتە ناوچەی قەدەغەكراوی فڕۆكەخانەی هەولێر و لە ماستەرپلاندا سەوزاییە بۆیە ئەو دامەزراوانەی ئەو شوێنە لادەچێت و لە شوێنەكەشی شەقامی دووساید بەناوی شەقامی رەشكین دروستدەكرێت، هەروەها دەكرێتە پارك و ناوچەی سەوزایی و بە هەمان شێوە بەناوی (رەشكین) دەكرێت.”
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، جەختی لەوەکردەوە، لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، بۆ ئەوەی دانیشتووانی رەكشین، مافیان نەفەوتێت، لە نزیكترین و باشترین شوێنەكانی شاری هەولێر بۆ قەرەبووكردنەوەی دانیشتووانی رەشكین، لە كەرتی 32ی پارك و ناوچەی تێرمیناڵ لە هەولێر زەوییان بۆ تەرخاندەکرێت.

