هاووڵاتییان لەبارەی کارتی ئەلیکترۆنی بەشەخۆراکی مانگانە ئاگادار دەکرێنەوە

لە ئاگادارییەکەی وەزارەتی بازرگانی عێراق هاتووە: “ناوەندەکانی نوێکردنەوەی داتاکانی هاووڵاتییان لە پارێزگای دهۆک دەستیان بە پرۆسەی نوێکردنەوەی داتاکانی ئەو کارتە بەشەخۆراکییە ئەلیکترۆنییانە کردووە کە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا گەیاندراون بە هاووڵاتییان”.

هەروەها وەزارەتی بازرگانی داوا لەو هاووڵاتییانە دەکات کە کارتی بەشەخۆراکی ئەلیکترۆنییان وەرگرتووە، پێداچوونەوە بە ناوەندەکانی نوێکردنەوە بکەن، بەڵگەنامەی ئەسڵی خێزانی لەگەڵ خۆیان بهێنن، بە مەبەستی نوێکردنەوەی داتاکانیان لە ماوەی دیاریکراودا، بۆ دوورکەوتنەوە لە بلۆککردنی کەلوپەلەکانی سەبەتەی خۆراک و مادەی ئارد لە داهاتوودا.

روونیشکراوەتەوە: “یەکێک لە باشی و تایبەتمەندییەکانی کارکردن بە سیستەمی ئەلیکترۆنی (کارتی بەشەخۆراکی ئەلیکترۆنی) گواستنەوەی کارەکانە لە کاغەزەوە بۆ ئەلیکترۆنی کە لە بەرامبەردا بەشدار دەبێت لە تەواوکردنی مامەڵەی هاووڵاتییان لەگەڵ شەفافیەتێکی تەواو، جگە لەوەش کات و ماندووبوون کورت دەکاتەوە چونکە لە یەک مامەڵە زیاتری پێناچێت بۆ تەواوکردن تەنها چەند خولەکێک، جگە لە ئاسانکاری بەکارهێنان و دەستڕاگەیشتن بە داتاکان”.

ئەوەش خراوەتە روو: “سیستەمی ئەلیکترۆنی سیستەمێکی ناوەندییە کە سەرجەم لقەکان و ناوەندەکانی دابینکردن بە بەڕێوەبەرایەتیەکەوە دەبەستێتەوە، ئەمەش کار ئاسانی دەکات لەڕێگەی بەدواداچوون بۆ مامەڵەکان و دروستکردنی جۆرەکانی ڕاپۆرت و ئامار کە ڕەوایەتی و دروستی داتاکان پشتڕاست دەکاتەوە”