شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە لە فەرەنسایە

ئەمڕۆ لە پاریس شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی سەربازی فەرەنسا ئەنجام دەدات و دواتر لە رێوڕەسمێکی سەربازیدا و بەئاڵای کوردستان و فەرەنسا تاجەگوڵینە لەسەر گڵکۆی سەربازی وون (کەوانەی سەرکەوتن) دادەنێن.

مێژووی دروستبوونی کەوانەی سەرکەوتن یاخود سەربازی ون لەپاریس بۆ سەردەمی ناپلیۆن دەگەرێتەوە. یەکێکە لە سیمبولە نیشتیمانییەکانی فەرەنسا، ساڵانە زۆربەی رێوڕەسم و بۆنە نیشتیمانییەکانی ئەم وڵاتە لەم شوێنە بەرێوەدەچن وەکو رێزگرتنێک بۆ قوربانیانی سوپای فەرەنسا کە لەماوەی رابردوودا گیانی خۆیان بەخشیووەتە وڵاتەکەیان.

شاندەکەی وەزارەتی پێشمەرگە پێکهاتووە لە عبدولخالق باپیری، بریکاری وەزیری پێشمەرگە لەگەڵ ژمارەیەک لە فەرماندەکانی پێشمەرگە.

ئامانج لە چوونی شاندەکە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە سەربازیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسایە.

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەزگای پێشمەرگە بەهاوکاری فیدراسیۆنی جەنگاوەرە دێرینەکانی فەرەنسا ئەم سەردانەیان رێکخستووە.

فەرەنسا یەکێکە لەو وڵاتە ئەوروپییانەی پەیوەندی مێژووی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و لە تێکشکاندنی داعش و یارمەتیدانی پێشمەرگە رۆڵی بەهێزی هەبوو.