وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا:حەشدی شەعبی خەڵک ئەشکەنجە دەدات و پەکەکەش منداڵ دەڕفێنێت تا بیانکەن بە چەکدار

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی لەبارەی ڕەوشی ئازادیی ئایینیی جیهانی بۆ ساڵی 2022 بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: “لە عێراق کۆتوبەندەکانی سەر ئازادیی ئایینی بەشێوەیەکی بەربڵاو ماوەتەوە، شەڕی مەزهەبیی گرووپە چەکدارەکان لە سەرانسەری عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان بەردەوام بووە.”

لە چەند شوێنێکی راپۆرتەکەدا ئاماژە بە پێشێلکاریەکان دژی پێکهاتەکان لە عێراق کراوە و باس لەوەش دەکات کە هەرێمی کوردستان لەو پێشێلکارییانە بە دوور بووە و دەڵێت: “ڕاپۆرتی بڕواپێکراو هەبوون لەسەر ئەوەی کە هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی، ئاسایشی نیشتمانی و حەشدی شەعبی، مامەڵەی خراپیان لەگەڵ خەڵکدا کردووە و ئەشکەنجەیان داون.”
ڕاپۆرتەکە تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە حەشدی شەعبی هەراسانکردن و مامەڵەی خراپی جەستەیی لە بەرامبەر کوردانی ئێزیدی و کریستیانەکان بەکارهێناوە و، هەبوونی هێزە چەکدارەکانی سەر بە پەکەکە و حەشدی شەعبی لە شنگال و نەینەوا، بەردەوامبوون لە دروستکردنی مەترسی بۆ سەر ژیانی دانیشتووان و بەربەست بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان.”
ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژە بە ڕاگەیەندراوێکی کۆمەڵگەی ئێزیدی لە شنگال لە مانگی نیسانی ساڵی ڕابردوو دەدات و ڕایدەگەیەنێت: “لەو کاتەوەی داعش لە ساڵی 2015 لە شنگال بەزێنراوە، پەکەکە سەدان منداڵی ئێزیدی ڕفاندووە بۆ ئەوەی بیانکاتە چەکدار.”