به‌ بڕیاری سه‌رۆكی حكوومه‌ت بیست هه‌زار كرێنشین ده‌بنه‌ خاوه‌ن خانوو

چواس خالید – هەولێر

سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیاری دروستكردنی بیست هه‌زار یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوونی بۆ كرێنشین و كه‌مده‌رامه‌دانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ركرد؛‌ سه‌رۆكی وه‌به‌رهێنان ده‌ڵێ “به‌ڵێمان داوه‌ له‌ مانگی پێنجی ئه‌مساڵ ده‌ست پێبكه‌ین و له‌ ماوه‌ی ساڵێكدا ته‌واو بێت، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌لوپه‌لی ناوماڵ بۆ یه‌كه‌كان دابین ده‌كات”.

له‌ ڕابردوودا، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بڕیاری بنیاتنانی بیست هه‌زار یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوونی بۆ هاووڵاتییانی كه‌مده‌رامه‌د و كرێنشینانی هه‌رێمی كوردستان دا، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانیش به‌ پێگه‌ی فه‌رمیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی ڕاگه‌یاندووه‌، به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌لیكترۆنی ناوه‌كان وه‌رگیراوه‌ و ئێستا له‌ زاخۆ هه‌نگاوی ده‌ستپێكردنمان ناوه‌.
سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان ده‌ڵێ “ئێمه‌ به‌ڵێنمان داوه‌ پڕۆژه‌كه‌ له‌ مانگی پێنجی ئه‌مساڵه‌وه‌ ده‌ست پێبكات و له‌ماوه‌ی ساڵێكدا ته‌واو ببێت، له‌ هه‌ولێریش به‌ هه‌مان شێوه‌ و ئه‌گه‌ر له‌ سلێمانیش زه‌ویمان پێ بدرێت، ئاماده‌ییمان هه‌یه‌ ده‌ستی پێ بكه‌ین”.
محه‌مه‌د شوكری، هێما بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، ئه‌گه‌ر له‌مساڵدا ده‌ستیان پێبكرێت، ئه‌وا له‌ ناوه‌ڕاستی ساڵی ئاینده‌ تا ٢٠٢٥، هاووڵاتیان ده‌توانن بچنه‌ ناو شوقەکانیان.

به‌ گوته‌ی محه‌مه‌د شوكری، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌لوپه‌لی ناوماڵ بۆ یه‌كه‌كان دابین ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك شارێكی نیشته‌جێبوونی ته‌واو، شیاوی ژیانێكی گونجاو بۆ هاووڵاتیان بێت.
له‌ ١٣ی تشرینی دووه‌م و له‌سه‌ر ئه‌ركی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ گوژمه‌ی چل و هەشت ملیار و هەشتا و دوو ملیۆن دیناری عێراقی، به‌ردی بناغه‌ی ٨٩٢ یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون بۆ كرێنشینان و خه‌ڵكی كه‌مده‌رامه‌ت له‌ زاخۆ دانرا.
له‌ مه‌راسیمه‌كه‌دا دكتۆر محه‌مه‌د شوكردی سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند: ئه‌مڕۆ قۆناغی یه‌كه‌می ڕاسپارده‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ ده‌كه‌ین، كه‌ ڕۆنانی بیست هه‌زار یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوونه‌.
سه‌رۆکی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان هێمای بۆ ئه‌وه‌ كرد کە ڕاسپارده‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌یه‌، زۆربه‌ی كرێنشین و خه‌ڵكی كه‌مده‌رامه‌د سود له‌ یه‌كه‌كانی نیشته‌جێبوون له‌ كوردستان وه‌ربگرن و دروستكردنی یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون بۆ كرێنشینان له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ كوالتی به‌رز و نرخی كه‌م، به‌رده‌وام ده‌بێت. هه‌ربۆیه‌، له‌ هه‌موو ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ست به‌ پرۆسه‌كه‌ ده‌كه‌ین و ئه‌و یه‌كانه‌ی ته‌واویش نه‌كراون، ته‌واویان ده‌كه‌ین و به‌سه‌ر كرێنشیناندا دابه‌شیان ده‌كه‌ین.
له‌ ڕۆنانی یه‌كه‌كانی نیشته‌جێبوون بۆ كرێنشینان و هاووڵاتیانی كه‌مده‌رامه‌د، له‌ چه‌ندین وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه‌ی حكوومی لیژنه‌ی باڵا پێكهێنراوه‌ تا سه‌رپه‌رشتی بنیاتنانیان بكه‌ن و به‌كوالتی به‌رز بخرێنه‌ خزمه‌ت هاووڵاتیانه‌وه‌.
به‌پێی زانیارییه‌كان له‌و بیست هه‌زار یه‌كه‌یه‌ی نیشته‌جێبوون كه‌ بۆ كرێچی و خه‌ڵكی كه‌مده‌رامه‌ت دێته‌ دروستكردن، پشكی زاخۆ هه‌زار و سەد یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوونه‌ و پێنج هه‌زار و دوو سەد یه‌كه‌ش له‌ پارێزگای سلێمانی ڕۆده‌نرێت و له‌ دهۆكیش چوار هه‌زار و پێنج سەد یه‌كه‌ و له‌ هه‌ڵەبجه‌ش هه‌زار و پێنج سەد یه‌كه‌، له‌ پارێزگای هه‌ولێر و ده‌وروبه‌ریشی شه‌ش هه‌زار و هەشت سەد یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون دروست دەكرێن، كه‌ قسته‌كانیان ١٢بۆ ١٥ ساڵ ده‌بێت.