تورکیا لە وەڵامی سۆمۆدا:گرفتی تەکنیکی هەیە و چەند ڕۆژێکی دیکە پێویستە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان

دلۆڤان رەحیم – هه‌ولێر

تورکیا هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە و بە بەغدای ڕاگەیاندووە کە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان، هەندێک پرسی تەکنیکی ماون، دوو سەرچاوەی سۆمۆ دەڵێن: تورکیا دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان پەیوەستە بە هەندێک کێشەی تەکنیکی و هێشتا چارە نەکراون.

نزیکەی حەوت حەفتەیە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕاگیراوە، کۆی هەناردەی نەوتی ڕاگیراو 475000 بەرمیلە لە ڕۆژێکدا و هەناردەی عێراقی بە کۆی گشتی کەم کردووەتەوە .
بۆتاش بەرپرسە لە وەرگرتنی ئەو نەوتەی لە هەرێمی کوردستانەوە ڕەوانەی بەندەری جەیهان لە تورکیا دەکرێت، ئەو کۆمپانیایە بە سۆمۆی ڕاگەیاندووە کێشەی تەکنیکی ڕێگرە لە دەستپێکردنەوەی هەناردەکە. لەکاتێکدا وەزارەتی نەوتی عێراق ئەو هەفتەیە ڕایگەیاندبوو داوایان لە تورکیا کردووە هەناردەکە دەست پێبکاتەوە، بەپێی گوتەی بەڕێوەبەرانی سۆمۆ چەند ڕۆژێکی دیکە پێویستە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتەکە
پێش چەند ڕۆژێک حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاندبوو داوایان لە تورکیا کردووە لە 13ـی مانگەوە هەناردەکە دەست پێبکات، بەڵام ئەوە ڕووی نەدا، بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەڵێن عێراقیش چاوەڕێی وەڵامێکە لە تورکیا لەبارەی داواکاری دەستپێکردنی هەناردەی نەوتە .
مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی یەکشەممەی ئەنجوومەنی وەزیران رایگەیاند: هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی جێبەجێکردوون و عێراقیش چاوەڕێی وەڵامێکە لە بارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت. ئەوە لەکاتێکدایە مانگێک زیاترە ڕێککەوتنێک لە نێوان هەولێر و بەغدا کراوە لەسەر ئەو پرسە، بەپێی زانیاری ئاژانسی فرانس پرێس، وەستانی ئەو ماوەیەی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ تورکیا نزیکەی ملیارێک دۆلار زیانی بە هەرێمی کوردستان گەیاندووە .
تورکیا وڵاتێکی گرنگی هەناردەی نەوتی خاوە بۆ چەندین وڵات لە نێویاندا عێراق و هەرێمی کوردستان، ماڵپەری گڵۆبال پلاتس دەڵێ ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستان ئێستا زیاتر لە هەر قۆناغێک نزیکترە لە دەستپێکردنەوە، بەپێی داتاکانی ئەو ماڵپەڕە زیاتر لە سێ سەد و حەفتا و پێنج هەزار بەرمیل لە هەرێمی کوردستان و لە نێوان حەفتا و پێنج هەزار تا سەد هەزاریش لە ڕێگەی کەرکووکەوە دەنێردرێت بۆ بەندەری جەیهان، دەستپێکردنەوەی ئەو هەناردەیە دەبێتە قۆناغێكی نوێی وزە لە نێوان هەرسێ لایەنی عێراق، کوردستان، تورکیا.
لە ئاستی بازرگانیدا تورکیا یەکێکە لە گرنگترین هاوبەشە بازرگانییەکانی عێراق و کوردستان، بەپێی ئەو داتایانەی حکومەتی تورکیا بڵاوی کردووەتەوە، عێراق و لە نێویدا هەرێمی کوردستان لە 2017وە ساڵ بە ساڵ هەناردەی نەوتی خاوی بەرزکردووەتەوە، لە ئاستی بازرگانیشدا هەردوو بە هەمان شێوە عێراق لە ڕیزی یەکەمی هاوبەشی بازرگانی تورکیایە، بەشی زۆری ئەو بازرگانییەش تەنیا لە ڕێگەی کوردستان دەکرێت پاشان دەنێردرێت بۆ بەشەرکانی دیکەی عێراق.
حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق لە سەرەتای ئەم مانگە ڕایگەیاند: ئەوەپەڕی تا نزیکەی دوو هەفتەی دیکە دەخایەنێت و نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە دەکرێت، پشکنینی بۆری نەوت کراوە لە تورکیا لە پاش بوومەلەرزەکە و هەموو شتێک نزیکە لەوەی کۆتایی بێت و دەستپێکردنەوەی نەوتەکە ڕابگەیێنرێت
نەوتی هەرێمی کوردستان ٪٨٠ زیاتری داهات و مووچەی هەرێمی کوردستان پێک دەهێنێت، کۆمپانیاکان داوا دەکەن ئەو گفتوگۆیانەی لەوبارەوە هەن بۆ دەستپێکردنەوەی نەوت بە زوویی بگاتە ئەنجام .
ئێستا گفتوگۆی تورکیا و عێراق جگە لەوەی لەسەر هەناردەی نەوتی کوردستانە، گفتوگۆکانی هەردوولا لەسەر چۆنیەتی درێژکردنەوەی ئەو رێککەوتنەشە کە لەنێوان هەردوولا لە بواری نەوتدا هەیە و ساڵی 2025 کۆتایی دێت .
ئەوە لەکاتێکدا هەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەم دامەزراوەکانی جیهان پێشوازی لەو ڕێککەوتنە دەکەن لە نێوان هەردوولا هەیە و چاوەڕێن دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتەکە ببێتە سەرەتای قۆناغێكی نوێی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا.