پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو یەکەکانی نیشتەجێبوون دەدرێنە کەمدەرامەت و کرێنشینان

د. محەمەد شوکری محەمەد سەعید، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ڕایگەیاند: “ئەگەر ئەمساڵ دەست بە دروستکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوونی تایبەت بە کرێنشینان و کەمدەرامەتان بکرێت؛ لە ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو، تاوەکوو ساڵی ٢٠٢٥، کرێنشینان دەتوانن یەکەکان وەرگرن و بچنە ناوی.”

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە لێدوانێکیدا بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند: ”دروستکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون، پرۆسەیەكی دوور و درێژە؛ بەشێوەی ئەلیكترۆنی ناوەكان وەرگیراون، بەڵام ئێمە لە هەندێك شوێن كێشەی زەویمان هەبوو؛ ئێستا لە زاخۆ بەنزیكەیی هەنگاوی دەستپێكردنمان ناوە.”

د.محەمەد شوکری ڕاشیگەیاند: ”ئێمە بەڵێنمان داوە پرۆژەکە لە مانگی پێنجی ئەمساڵەوە دەست پێ بكات و لە ماوەی ساڵێكدا تەواو بێت، هەروەها لە هەولێریش بەهەمان شێوە و لە سلێمانیش ئەگەر زەویمان پێ بدرێت، ئامادەییمان هەیە دەست پێ بكەین”.

سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان ئاماژەی بەوەش کرد “هاووڵاتییان دەتوانن سوود لەو یەكەی نێشتەجێبوونانە وەربگرن و ببنە خاوەنی شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان، ئەگەر لەمساڵدا دەستیان پێ بکرێت، ئەوا لە ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو تا ساڵی ٢٠٢٥، هاووڵاتیان دەتوانن بچنە ناو شووقەكانیان.”