لە درێژەی ئەو دیدار و کۆبوونە هاوبەشانەی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەکانی هاوپەیمانان لەبارەی باشترکردن و ڕێکخستنەوەی هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان هەردوولا، ڕۆژی ١٥ی ئایاری ٢٠٢٣، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە و لیوا روکن بەختیار محەمەد سدیق، ئەمینداری گشتی و شاندێکی وەزارەت، پێشوازییان لە کۆڵۆنێل ڤین والت و شاندی یاوەری لە تیمی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان کرد.
لەو کۆبونەوەیەدا جەخت لە بەردەوامیی پەیوەندی و هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کرایەوە.
هاوکات پرسی مەشق و ڕاهێنانەکان و پڕۆسەی ڕیفۆرم و یەکخستنەوەی زیاتری هێزەکانی پێشمەرگە و ڕێکخستنەوەیان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
هەردوو لا لەسەر باشترکردن و خێراترکردنی هەنگاوەکان و ڕێکارەکانی یەکخستنەوە و ڕێکخستنەوەی هێزەکان و هاوکاری و هەماهەنگیی بەردەوامی نێوان هێزەکان کۆک بوون.