چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

سەرۆکی پەرلەمان: رێكاره‌ یاساییه‌كانی كاراكردنه‌وه‌ى كۆمسیۆن ته‌واوكراون

سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان رایدەگەیەنێت، وەک پەرلەمانی کوردستان هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ بەرەوپێشەوە بردنی هەنگاوەکانی رێککەوتنی لایەنەکان لەسەر هەڵبژاردن، دەشڵێت: رێكاره‌ یاساییه‌كانی كاراكردنه‌وه‌ى كۆمسیۆن ته‌واوكراون.

ماڵپەڕی فەرمی پەرلەمانی کوردستان بڵاویکردەوە، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 16/5/2023، د. رێواز فایەق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازی له‌ ڤیللى ڤارجیولا، باڵیۆزی یه‌كێتیی ئه‌وروپا له‌ عێراق كرد. له‌ دیدارێكی نێوانیاندا، گفتوگۆی تێروته‌سه‌ل له‌سه‌ر پرسی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی هه‌رێمی كوردستان كرا، سه‌رۆكی په‌رله‌مان رایگه‌یاند: “په‌رله‌مانی كوردستان هه‌وڵه‌كانی چڕكردووەته‌وه‌ بۆ به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردنی هه‌نگاوه‌كان و گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتنی كۆتایی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌سه‌ر پرسی هه‌ڵبژاردنه‌كان”.

 رێواز فایەق لە دیدارەکەدا گوتویەتی: “رێكاره‌ یاساییه‌كانی كاراكردنه‌وه‌ى كۆمسیۆن ته‌واوكراون، چاوه‌ڕوانین له‌ ده‌رفه‌تێكی نزیكدا لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانیش بگه‌نه‌ رێككه‌وتن”.

ئاماژە بەوەشکراوە، هه‌ردوولا جه‌ختیان كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ په‌له‌ بكرێت له‌ ئاماده‌كارییه‌كان و گه‌یشتن به‌ داڕشتنی كۆتایی له‌سه‌ر كۆی ئه‌و پرسانه‌ی كه‌ تاكو ئێستا بوونه‌ته‌ له‌مپه‌ر له‌به‌رده‌م پرۆسه‌كه‌دا.