سلێمان تاشان – ههولێر
دوو هەفتەیە هێرشەکانی داعش لە عێراق زیادی کردووە و ئەمەش هێشتا دیار نییە لەدوای ئەو گورزە کوشندانەی بەر سەرکردە باڵاکانی داعش کەوت، ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە پەلەقاژەی مەرگی یەکجارییە یا دەخوازێ دووبارە بێتەوە نێو گۆڕەپانەکە و بوونی خۆی بسەلمێنێت؟ ڕووداوەکان دەیسەلمێنن باشتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان هێزە سیاسییەکانی عێراق وایکردووە داعش لاوازتر ببێت.
لە دوو هەفتەی ڕابردوودا لە هەر یەک لە پارێزگاکانی نەینەوا و سەلاحەدین چەند کردەیەکی تیرۆریستی ڕوویان داوە کە داعشیان لەپشت بووە. هەفتەی ڕابردوو لە سامەڕای سەر بە پارێزگای سەلاحەدین، هێرشێکی خۆکوژیی داعش بووە هۆی کوژرانی ئەفسەرێکی سوپای عێراق. هەینی ڕابردووش تیرۆرسیتانی داعش هێرشیان کردە سەر بنکەیەکی هێزەکانی عێراق لە ناوچەی نەمروود و بووە هۆی کوژرانی سەربازێک وبرینداربوونی ژمارەیەکی تر.
هێرشەکانی ئەم دواییەی داعش لەکاتێکدایە ماوەیەک بوو باس لە هێرشەکانی نەدەکرا و ئارامییەکی ڕێژەیی باڵی بەسەر ناوچەکەدا کێشابوو. لە سەرەتای ئەم مانگەدا ئەبولحەسەن قرشی یەکێک لە سەرکردە ناسراوەکانی داعش لە ئۆپەراسیۆنێکدا کوژرا. قرشی، لە دوای کوژرانی عەبدوڵا قارداش لە شوباتی ساڵی ڕابردوو ڕێبەرایەتی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکەی بە ئەستۆ گرتبوو. ساڵی ڕابردوو ئەمەریکا کوژرانی قارداشی بە سەرکەوتنێکی گەورەی جەنگی دژی تیرۆر هەژمار کردبوو.
ئەبولحەسەن قرشی لە شوباتی ٢٠٢٢ەوە جێی قارداشی گرتبووەوە و لەو کاتەوە دەیان هێرشی لە پارێزگا جیاجیاکانی عێراق ئەنجام دابوو کە ببووە هۆی کوژرانی دەیان سەرباز و ئەفسەری عێراقی و هاووڵاتیی سڤیل.
سەرچاوە هەواڵگرییەکانی عێراق باس لەوە دەکەن کە داعش لە یەک ساڵی ڕابردوودا لە هەر یەک لە ناوچەکانی سامەڕا، تکریت، کەرکووک، دیالە زیاتر چالاکی هەبووە. عیماد عەلوو کە پسپۆرێکی ئەمنیی عێراقە بە مێدڵست نیوزی گوتووە داعش کاتێک هێرشی تیرۆریستی ئەنجام داوە کە گورز لە سەرکردەکانی وەشێنرابێت و ئامانجەکەش زیاتر تۆڵەسەندنەوە بووە و هێڕشەکان زیاتر خوێندنەوەی ئەوەیان بۆ دەکرێ کە پێگەی داعش لاواز بووە و ناتوانێت وەک پێشوو مەترسی دروست بکات.
بەپێی ئامارێک کە سەرچاوەکە خستوویەتە ڕوو، لە ساڵی ڕابردودا لە هەموو عێراق ٤٨٣ هێرشی تیرۆریستی لە لایەن ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش ئەنجام درا. ئامارەکە لە شەش مانگی ڕابردوودا بریتی بووە لە ١٢١ حاڵەت و ئەمەش دەری دەخات بەراورد بە پێشتر ژمارەی هێڕشەکانی لە دابەزیندان و ئەمەش نیشانەی زیاتر لاوازبوونی داعشە لە ناوچەکەدا.
وەک ئاشکرایە لە کۆتایی ٢٠١٧ەوە داعش لە عێراق هیچ خاکێکی بەدەستەوە نەماوە و لە سووریاش لە ٢٠١٩ەوە هیچ دەسەڵاتێکی نەماوە و بەگشتی لە گرووپی چەند کەسیدا هەوڵی داوە ئەوە بسەلمێنێت کە هێشتا زیندووە و دەتوانێت ببێتە مەترسی بۆ سەر ناوچەکە و جیهان. مەترسییەکانی داعش تەنیا لە عێراق کەم نەبوون بەڵکوو لە تەواوی جیهان کەمی کردووە و ئەمەش خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگە و هێزەکانی گۆڕەپانی جەنگی دژی تیرۆرمان بۆ زیاتر بەرجەستە دەکات.
هەماهەنگییەکانی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق و بەردەوامیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی لە پاڵپشتیکردنی هێزەکانی عێراق و پێشمەرگە لە لایەک و دامەزراندنی حکوومەتی عێراق بە هۆکاری سەرەکیی پاشەکشەی داعش هەژمار دەکرێت.
لە عێراق، تا ناسەقامگیریی سیاسی زیاتر بێ ئەوا ناسەقامگیری ئەمنیش زیاتر بووە و تیرۆریستانی داعش ناکۆکیی لایەنە سیاسییەکانی عێراقیان لە قازانجی خۆیاندا قۆستۆتەوە. ساڵی ڕابردوو عێراق بە قۆناغێکی سەختدا تێپەڕی بەڵام لە کۆتایی ساڵەکەوە بە تایبەتی دامەزراندنی حکوومەتی عێراق و باشتربوونی پێوەندییەکانی هەرێم و بەغدا دۆخەکە تا ڕادەیەک گۆڕدراوە و چاوەڕوان دەکرێ لە ئەگەری پەسندکردنی بودجە و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی سیاسیی نێوان هەولێر و بەغدا دۆخەکە زۆر باشتر ببێت.