سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

کۆتایی ئەم هەفتەیە پڕۆژەیاسای بودجە لە پەرلەمان تێدەپەڕێندرێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بەگوتەی پەرلەمانتاران و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ئەم ھەفتەیە دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ دەدرێت. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ماوەی سێ ساڵە و قەبارەکەی زیاتر لە سەد و نەوەد و نۆ ترلیۆن دینارە و زیاتر لە شازدە ترلیۆن دینار پشکی ھەرێمی کوردستانە. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: ھیچ مەترسییەک لەسەر پشکی ھەرێمی کوردستان لە بودجەدا نییە.

گفتوگۆکانی پڕۆژەیاسای بودجە بە میوانداریی وەزارەت و دامەزراوەکان قۆناغی باشی بڕیوە و پشکی ھەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی پارێزگاکانیش زیادکراوە. ھاوکات، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، ڕایگەیاندووە، ئەگەری ئەوە ھەیە بەشێک لە بەندەکانی بودجەی دوو ساڵی داھاتووی عێراق دەستکاری بکرێت.
ڕۆژی ١٣ـی ئاداری ٢٠٢٣، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی پەسەندکرد، کە زیاتر لە سەد و نەوەد و نۆ ترلیۆن دینارە و ئاماژە بەوەش کراوە، وەک بەشێک لە ڕێککەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدا، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕۆژانە دەبێت چوار سەد ھەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت، لە بودجەی عێراق، ١٢.٦٧٪ـی بۆ ھەرێمی کوردستان دانراوە کە زیاتر لە شازدە ترلیۆن دەکات، ھەروەھا کورتھێنان لە بودجە شەست و سێ ترلیۆن دینارە، تێکڕای داھاتی عێراق سەد و سی و چوار ترلیۆن دینارە.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە ماوەی ڕابردوو پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەمی بۆ پڕۆژە یاسایی بودجەی گشتی عێراق کرد و دواتر درایە لیژنەی دارایی بۆ ئەوەی ڕاپۆرتی خۆی لەو بارەیەوە ئامادە بکات و دواتر بخرێتە بەرنامەی کار و دەنگی لەسەر بدرێت و پەسەند بکرێت، ١٠ـی ئایاری ٢٠٢٣، نوێنەرانی ھاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کە پێکھێنەری حکوومەتی ئێستای عێراقن، کۆبوونەوە و ڕایانگەیاند، دەبێت تا کۆتایی ئەم مانگە دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە بدرێت.
محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازی لە محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان کرد و ھەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی دۆسیە گشتییەکانی وڵات کرد، بەپێی ڕاگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە دیدارەکەدا سوودانی جەختی لە گرنگیی پێکەوەکارکردنی نێوان حکوومەت و پەرلەمان کردووەتەوە، ئەوەش بەمەبەستی جێبەجێکردنی بەرنامەی حکوومەت و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ ھاووڵاتییان، ھەروەھا سوودانی بە پێویستی زانیوە زوو پڕۆژەیاسای بودجە پەسندبکرێت، بۆ ئەوەی حکوومەت بتوانێت بەرنامەکەی بە تەواوی جێبەجێ بکات و ئابووریی وڵات ببووژێنێتەوە.
لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانیدا، سەرۆک بارزانی گوتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند: پەیوەندیی ھەرێمی کوردستان و بەغدا، من ناچمە باسکردنی ڕابردوو، بەڵام من باسی ئێستە دەکەم، ئێستە کەشوھەوایەکی زۆر لەبار ھاتووەتە ئاراوە، ئیرادەیەکی بەھێز و نیازێکی پاک دەبینین، من لێرەدا دەمەوێت پڕ بەدڵ سوپاسی برای بەڕێزم سەرۆکوەزیران، محەممەد شییاع سوودانی بکەم کە دەبینین زۆر بە جددی ھەوڵدەدات ئەو ڕێککەوتنە سیاسییەی کراوە جێبەجێی بکات و جورئەتی نیشانداوە، لێرەشەوە دڵنیایی دەکەمەوە ئێمەش بە ھەموو توانایەک پشتگیری دەکەین.
خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: ئەو خاڵانەی بوونەتە جێگەی ناکۆکی لایەنەکان تا ڕادەیەکی باش چارە کراون، ھەر دەستکارییەک لە بڕگە و ماددەکانی پڕۆژەیاساکەدا بکرێت، ھیچ کاریگەرییەکی لەسەر مووچەی فەرمانبەران نابێت.
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، گوتی: لیژنەی دارایی ڕاپۆرتی کۆتایی خۆی لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵانی دارایی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ تەواو دەکات، دوای ئەوە پەرلەمانی عێراق دانیشتنێکی تایبەت بۆ ئەو مەبەستە دەکات و دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە دەدات.
جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، گوتیشی: بودجە، پڕۆژەیاسایەکی گرنگە و ھاووڵاتییان لە ھەموو پارێزگاکان چاوەڕێی دەکەن.
شاخەوان عەبدوڵڵا، ئاشکراشی کرد: بەھیچ شێوەیەک مەترسی لەسەر پشکی کورد لە بودجەدا نییە و ئەوەی کە ھەیە بەشێکە لە ڕێککەوتنی سیاسی و جەخت لەوەش کراوەتەوە ئەوەی کە ھەیە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دڵنیایی دا و گوتی: بە دڵنیاییەوە بە پەسندکردنی بودجەی گشتیی عێراق، مانگانە پشکی ھەرێمی کوردستان و شایستە داراییەکانی دێت و ئەو پڕۆژەیاسای بودجە کە پەسند دەکرێت لە ١-١-٢٠٢٣وە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە.
فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا، دەڵێت: سەرۆک وەزیرانی عێراق، لایەنەکان ھەتا پەرلەمانیش پەلە دەکەن، بۆ ئەوەی ھەرچی زووە بودجە پەسەند بکرێت، بۆیە لەو چەند ڕۆژەدا پەرلەمان کۆدەبێتەوە و بودجە پەسەند دەکات، بەوەش چی دیکە پێویست ناکات ھەموو مانگێک حکوومەتی عێراق کۆببێتەوە بڕیار لەسەر بودجە و مووچەی ھەرێم بدات، بەڵکو ١٢،٦٧% بودجەی ھەرێم بۆ کوردستان دەنێرێت، بەڵام تا بودجە پەسەند دەکرێت حکوومەتی عێراق مانگانە چوار سەد ملیار دینارە ڕەوانەی ھەرێمی کوردستان دەکات.
سەرۆکی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا، گوتیشی: بۆ ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم ھیچ شتێک نەماوە، ھەولێر و بەغدا لەسەر ھەموو شتەکان ڕێککەوتوون، تەنھا ڕێککەوتن لە نێوان عێراق و تورکیا ماوە، ھەر دوولا لەسەر خەتن، بە چارەکردنی کێشە فەنییەکان دووبارە نەوتی کوردستان ھەناردە دەکرێتەوە.
ڕۆژی ٤ی مانگی ڕابردوو مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەلایەن محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشوازی لێ کرا، پاشان بە ئامادەبوونی ھەردوولا لە ڕێوڕەسمێکدا ڕێککەوتنی دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی ھاوبەش لەنێوان ھەردوو حکوومەتی ھەرێم و فیدراڵی ئینمزا کرا. لەم بارەیەوە فارس عیسا، گوتی: بەغدا لەگەڵ ئەوەیە ھەرچی زووە کێشەکان چارە بکرێن، بەتایبەتی کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا، ئەگەر کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا چارە نەکرێن، عێراق سەقامگیر نابێت، ناردنی چوار سەد ملیار دینارەکەش لە چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنەیە کە لە نێوان ھەولێر و بەغدا ھەیە.
سەرۆکی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا، جەختی لەوەش کردەوە: عێراق زیاتر لە ھەرێم بە پەرۆشترە کە نەوتی ھەرێم ھەناردە بکرێتەوە، چونکە بە ڕاگرتنی نەوتی ھەرێم زیانێکی زۆر بە عێراق کەوتووە.