سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

ئەمڕۆ پارتی و یەكێتی لە سلێمانی كۆدەبنەوە

دوای دەستپێشخەرییەكەی سەرۆك بارزانی ،وابڕیارە ئەمڕۆ هەردوو مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی لە شاری سلێمانی كۆ دەبنەوە.
لەوبارەیەوە دوێنێ مەحموود محەمەد، گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرچاوەیەکی راگەیاند: سبەی سێشەممە مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە شاری سلێمانی كۆ دەبنەوە.
كۆبوونەوەكە دوای دەستپێشخەرییەكەی سەرۆك بارزانی دێت كە رۆژی پێنجشەمی هەفتەی ڕابردوو لە مەڕاسیمی كردنەوەی یادگەی نیشتمانی بارزانی لە بارزان داوای لە سەرجەم حزب و لایەنەكانی هەرێمی كوردستان كرد بە مەبەستی كۆتاهێنان بە دۆخی چەقبەستوویی هەرێمی كوردستان كۆببنەوە.
هاوكات سەرۆك بارزانی بەتایبەتی داوای لە مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان كرد، بەر لە هاتنی رۆژی 18ی ئەم مانگە كە دوا وادەی ڕێككەوتنە لەسەر دەستكردن بە ئامادەكارییەكان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان، كۆببنەوە و ڕێك بكەون.