بابەتی پێنجەمین ئەڵقەی بازنەی گفتوگۆ(خەڵك و ئاستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان) بوو

ئەمڕۆ 15ی ئاداری 2023، بە ئامادەبوونی د.سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن، پێنجەمین ئەڵقەی بازنەی گفتوگۆ بە ناونیشانی ” خەڵك و ئاستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان” بەڕێوەچوو.
لە بازنەی گفتوگۆی ئەمجارەدا، بەشی توێژینەوە و ڕاپرسی ، ڕاپرسییەكی سەرتاسەری لە هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان ئەنجامدابوو، دوای پێشكەشكردنی ئاكامی ئەم ڕاپرسییە گفتوگۆیەكی فرەلایەن دەستی پێكرد.

بەڕێزان، د. سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، د.هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی، د.عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆك، ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە، هەڵگورد شێخ نەجیب بەرپرسی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، فارس یوحنا جێگری بەرپرسی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و لەگەڵ بەڕێزان شڤان حەمدی، د.نەزاكەت حوسێن، د.جەلال ئەحمەد و فەرهاد محەممەد ئەندامانی لیژنەی بازنەی گفتوگۆ” ئامادەبوون.
گفتوگۆكە لەسەر تەواوی كێشەكانی خەڵك و ئاستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان خرانەڕوو و چەندین پێشنیار و ڕاسپاردەی زۆر گرنگ خرانەڕوو.
ئەوەی جێگەی بایەخی ئامادەبووانی ئەم گفتۆگۆیە بوو، ئەوەبوو كە یەكەمجار بوو هەموو پارێزگار و بەرپرسی ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان، پێكەوە لەناو یەك هۆڵ دا گوێ لە ئاكامی ڕاپرسییەك بگرن كە ڕای خەڵكی كوردستانە و، پێكەوە گفتوگۆی ئەوە بكەن چۆن كێشەكانی خەڵك چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە و ئاستی خزمەتگوزارییەكان بۆ هاوڵاتی بەرز بكرێتەوە .
ڕاپۆرتی ” خەڵك و ئاستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان” بە ئەمانەتەوە رۆژی 22ی ئایاری 2023 لەسەر لاپەرەكانی گۆڤاری گوڵان بڵاودەكرێتەوە و دەكەوێتە بەردەستی خوێنەران و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەروەها شایەنی باسە، بازنەی گفتوگۆ ئامانجی سەرەكیی ئەوەیە كە ئاستی بەسیاسیكردنی كۆمەڵگە كاڵبكاتەوە و بازنەیەك بێت بۆ كۆكردنەوەی بیر و بۆچوونە جیاوازەكان و، گفتۆگۆی راشكاوانە بۆ خزمەتی هاوڵاتیانی كوردستان.