ڕائیب جادر – هەولێر
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: دوای پەیامی سەرۆک بارزانی، دەرفەتێکی زۆر زێڕین ھاتۆتە پێشەوە، بۆ ئەوەی لایەنە کوردستانییەکان سوود لەو تێڕوانینەی سەرۆک بارزانی وەربگرن، بۆ یەکخستنەوەی ناو ماڵی کوردستان. دەشڵێ: جگە لە کردنی ھەڵبژاردن ھیچ ڕێگەیەکی دیکەمان لەبەردەم نەماوە.
ڕۆژی ٢٦-٣-٢٠٢٣ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بە فەرمانێکی ھەرێمی، ڕۆژی ١٨-١١-٢٠٢٣ی وەکو ڕۆژی کردنی ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان دیاریکرد، کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن و ڕاپرسیی ھەرێمی کوردستانیش دەڵێت: شەش مانگی بۆ ئامادەسازیی ھەڵبژاردن پێویستە.
دڵشاد شەھاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، گوتی: دەبێت کێشەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ چارە بکرێن، لە قۆناغەکانی پێشووتریشدا، لە دەستپێکی ئەو خیلافاتانەش پەیامی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان ڕوون و ئاشکرا بووە کە ھەر چەند خیلافات زۆر بن، بەڵام دەبێت لە شوێنێک بە یەکبگەین، دوای پەیامی سەرۆک بارزانی، دەرفەتێکی زۆر زێڕین ھاتۆتە پێشەوە، بۆ ئەوەی لایەنە کوردستانییەکان سوود لەو تێڕوانینەی سەرۆک بارزانی وەربگرن، بۆ یەکخستنەوەی ناو ماڵی کورد، ئەمە بە نیسبەت سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستانیشەوە بە گەورەترین پاڵپشت دەزانین، بۆیە دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی دەبێتە وەرچەرخانی گەورە، لە پرۆسەی سیاسی و چارەکردنی گرفتەکان.
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی گوتی: کاتێک دیاری کراوە و دەبێت پێش ١٨ی مانگ دەست بەو کۆبوونەوانە بکرێت، بێگومان ئەرکی ھەموومانە، کاتی ئەوەش نەماوە چەندین کۆبوونەوە بکرێت، بەڵکو دەبێت یەک کۆبوونەوەی سەرکەوتووی بەرھەمدار بکرێت و ھەوڵ بدرێت بیروبۆچوونەکان لەیەک نزیک بکرێنەوە، بەڵام ئەگەر بۆ ١٨ی ئەم مانگەش دەست بە ھەنگاوەکانی کردنی ھەڵبژاردن نەکرا، ئەوە مانای ئەوە نییە کە ھەرێمی کوردستان ناتوانێت ھەڵبژاردن بکات و بە مانای ئەوەش نییە کە دەبێت ھەڵبژاردن دوابخرێت، چونکە کارێکی ئاساییە کۆمیسیۆن لە پێنج مانگیشدا ھەنگاو بنێت و کارەکانی خۆی بکات.
دڵشاد شەھاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، ئاشکراشی کرد: سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بۆتە چەترێک بۆ کۆکردنەوەی لایەنە سیاسییەکان، لایەنەکانیش شاھێدی بۆ ئەوە دەدەن، ئەوەش بەشێکی ئەرکە، بەشێکیش بڕوای سەرۆکی ھەرێمی کوردستانە کە خۆی لە بیرکردنەوەکانی خۆی و ھەموو کایەکانی خۆی کە تێدا کاری کردووە، چ لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، چ لە سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، بیر و باوەڕی وا بووە کە دەبێت دواجار ھەموو کێشەکان بە تێگەیشتن چارە بکرێن، بۆیە ھیچ ڕێگەیەکی دیکە نییە جگە لەوەی دەبێت ئەمساڵ ھەڵبژاردن بکرێت.