فاتح ڕووف، بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان لەم دیدارەدا دەڵێت: نەكردنی هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا زیان بەناو و ناوبانگی هەرێمی كوردستان دەگەیەنێت. دەشڵێت: لەدواخستنی هەڵبژاردن شتێك نامێنێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان تا شانازی پێوە بكەین لەبەرامبەر گەلانی جیهاندا.
- وەك پارتی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان ئامادەن بۆ هەڵبژادرنی پەرلەمانی كوردستان لەو وادەی کە دیاری كراوە ؟
- ئێمە لە پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان خۆمان ئامادەكردووە بۆ بەڕیوەچوونی هەڵبژاردن. لەئێستاشدا بەبەردەوامی لەگەڵ مەڵبەند و دەزگا و ئۆرگان و كادرانماندا لە كۆبوونەوەداین، تا باشتر ئامادەكاری بكەین بۆ هەڵبژاردنی پەلەمانی كوردستان.
- پێتان وایە ژمارەی دەنگەکانتان بەرەو زیاد بوونە؟
- ئومێدمان زۆرە دەنگەكانمان زیاد بكات، ئێستە یەكەم كاری ئێمە چۆنییەتی خۆ ئامادەكردنە بۆ ئەم هەڵبژاردنەی کە بڕیارە لەچەند مانگی ئایندەدا بكرێت.
- هەڵویستی پارتەکەتان سەبارەت بە دواکەوتنی هەڵبژاردن چۆن بووە؟
- ئێمە لەگەڵ درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانیش نەبووین لەماوەكانی ڕابردوودا، لەرێگەی سەرۆك و مەكتەبی سیاسیەوە جەختمان لە كردنی هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا کردووەتەوە ئەوەندەی لە تواناماندا بووە کارمان بۆ کردووە.
- بۆچی گرنگە هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بەڕیوەبچێت؟
- دواخستنی هەڵبژاردنەكان، یان نەكردنی زیان بە ناوناوبانگی هەرێمی كوردستان دەگەیەنێت. شتێك نامێنێتەوە بۆ دیموکراتیەتی هەرێمی كوردستان لە بەرامبەر گەلانی ناوچەكە و جیهان شانازی پێوە بكەین.
- لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا چاوەڕوانی چی دەکەن؟
- بڕوام وایە هەندێك موفاجەئە ڕوودەدەن لەهەڵبژاردنی داهاتوودا، گرنگیشە تاكی دەنگدەر دەنگی خۆی لەلا گرنگ بێت دەنگ بدات، دوای یەك دوو مانگ نەكەونە گلەیی لەبەرپرسان ئاوڕیان لێنەدرێتەوە.
- لەماوەكانی ڕابردوودا چەند وێنەیەك بڵاو بووەوە گوایە هێزێكی نوێی حیزبەكەی ئێوەیە مشق دەكەن ئەمە تاچەند ڕاست بوو ؟
- لەسەرەتای نەوەدەكانەوە بنكەی ڕاهێنانی هێزی پێشمەرگەمان هەیە بەناوی بنكەی مەشقی (شەهید ملازم تاهیر) لەلایەن كەسانی شارەزا و پسپۆری سەربازیەوە سەرپەرشتیاری خولەكان دەكەن و ڕاهێنان بە پێشمەرگەكانمان دەكەن ئەو وێنانەش بڵاوكراونەتەوە لەلایەن هەندێك سایت و ئەكاونتی كەسی لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكاندا، وێنەی (٥-٦) ساڵ پێش ئێستایە، لەڕێگەی كەناڵی جەماوەرەوە پەخش كراوە.
*لە لێداونو باسكردنی بابەتێكی مێژوویی بەڕێز محەمەدی حاجی مەحمووددا، مامۆستا عەلی باپیر نیگەرانی دەربڕی لەڕاگەیاندنەكانی كۆمەڵی دادگەری و زۆری لەسەر وترا بەبڕوای ئێوە هۆكاری ئەمە چی بوو ؟
- بەڕێز محەمەدی حاجی مەحموود كەسێكی حەق بێژ و بێپێچ و پەنایە بەپێی ئەو ڕووداو و وێستگانەی خۆی تێیدا بەشدار بووە. لە ساڵی ( ١٩٧٦ )وە تا ئێستا هەمووی یاداشت كردووە ئەوەی باسی كردووە لە یەكێك لەویستگەكاندا ڕوویداوە پێم وایە زۆر ڕاستگۆیانە بە سادەترین شێوە پەیامەكانی دەگەیەنێتە جەماوەر .
- قسەیەك هەیە كە ئەو وتانەی بەڕێز محەمەدی حاجی مەحموود لەم كاتەدا هۆكاری لەپشتەوەبێت ئایا ئەمە وایە یان نا؟
- هەر كاتێك دیدار و كتێبێكی بەرێز محەمەد حاجی مەحموود بڵاودەبێتەوە هەندێك لایەن و كەسایەتی تەنگەتاو دەبن و زۆر تێكدەچن دۆخێكی دەروونی شڵەژاویان بۆ دروست دەبێت.