چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

بەڵێن عەبدوڵڵا، سکرتێری حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان: پەیامی سەرۆک بارزانی بەسە بۆ لایەنەکان تا پێش ١٨ی مانگ کۆببنەوە و لەسەر هەڵبژاردن ڕێک بکەون

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بەڵێن عەبدوڵڵا، سکرتێری حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، لەم دیدارەدا دەڵێت: پەیامی سەرۆک بارزانی لە یادگەی نیشتمانیی بارزانی، پەیامێکی گرنگ بوو، کافییە بۆ لایەنە سیاسییەکان کە پێش ١٨ی مانگ کۆببنەوە و ڕێک بکەون لەسەر پرۆسەی ھەڵبژاردن، بۆ ئەوەی ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت، چونکە ئەگەر نەکرێت، ھەرێمی کوردستان توشی کۆمەڵێک کێشەی یاسایی دەبێتەوە. دەشڵێ:

ئەگەر بەغدا پابەند بێت بەو ڕێککەوتنەی کە کراوە شتێکی باشە و لە بەرژەوەندی ھەرێمی کوردستانە.
لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانیدا، سەرۆک بارزانی گوتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: ئێرە بە دەرفەت دەزانم بانگەوازێکی دڵسۆزانە ئاراستەی ھەموو لایەنەکانی ھەرێمی کوردستان بکەم کە لاپەڕەیەکی نوێ بکەنەوە، داواکارم ھەرچی زووترە کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان پێش ١٨ی ئەم مانگە بکرێت، بۆ ئەوەی دڵسۆزانە، بەرپرسیارانە و کوردستانییانە باسی ھەموو گیروگرفتەکان بکرێت و چارەیان بکەن.
سەرۆک بارزانی، گوتیشی: پێش ئەم کۆبوونەوە بەرفراوانە، پێویستە مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی کۆببنەوە، بۆیە داوا لە مەکتەبی سیاسیی ھەردوولا دەکەم، دابنیشن و ئەم تەمومژە نەھێڵن، ھەروەھا زەمینەسازی بۆ کۆبوونەوە بەرفراوانەکە بکەن.
سەرۆک بارزانی، لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانی، لەبارەی پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغدا گوتی: پەیوەندیی ھەرێمی کوردستان و بەغدا، من ناچمە باسکردنی ڕابردوو، بەڵام من باسی ئێستە دەکەم، ئێستە کەشوھەوایەکی زۆر لەبار ھاتووەتە ئاراوە، ئیرادەیەکی بەھێز و نیازێکی پاک دەبینین، من لێرەدا دەمەوێت پڕ بەدڵ سوپاسی برای بەڕێزم سەرۆکوەزیران، محەممەد شییاع سوودانی بکەم کە دەبینین زۆر بە جددی ھەوڵدەدات ئەو ڕێککەوتنە سیاسییەی کراوە جێبەجێی بکات و جورئەتی نیشانداوە، لێرەشەوە دڵنیای دەکەمەوە ئێمەش بە ھەموو توانایەک پشتگیری دەکەین.

*لات وایە ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت؟
-پەیامی سەرۆک بارزانی لە یادگەی نیشتمانیی بارزانی، پەیامێکی گرنگ بوو، ئەوە بەسە بۆ لایەنە سیاسییەکان کە پێش ١٨ی مانگ کۆببنەوە، سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستانیش دەمێکە خەریکی کۆکردنەوەی لایەنەکانە، بۆ چارەکردنی ئەو کێشانەی کە ھەن، بۆ ئەوەی ھەڵبژاردن بکرێت، ئۆمێد دەکەین لەژێر ڕۆشنایی پەیامی سەرۆک بارزانی و ھەوڵەکانی پێشتر بتوانین لەو چەند ڕۆژەدا ئەو کێشانە چارە بکەین و ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت.

*بۆچی گرنگە ھەڵبژاردن بکرێت؟
-کاتێک کە تەمەنی پەرلەمان بۆ ماوەی ساڵێک درێژکرایەوە ھەموومان ناڕازی بووین، ناکرێت چی دیکە تەمەنی پەرلەمان درێژ بکرێتەوە، ھەڵبژاردن مافی خەڵکە، پرۆسەیەکی دیموکراسییە، ئەگەر ھەڵبژاردن نەکرێت، ھەرێمی کوردستان توشی کۆمەڵێک کێشەی یاسایی دەبێتەوە.

*ئێوە وەکو لایەنێکی سیاسی ھاوکار دەبن بۆ ئەوەی ھەڵبژاردن بکرێت؟
-بێگومان ھاوکار دەبین و ھەموو کاتێک جەختمان لەوە کردۆتەوە کە چی دیکە بابەتی ھەڵبژاردن نەکرێتە قوربانی ململانێی نێوان لایەنە سیاسییەکان.

*پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغدا چۆن دەبینن؟
-تا ئێستە پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغدا زۆر باشن، ئەو ڕێککەوتنەی کە کراوە تا ئێستە خراپ نییە، بەڵام تا بودجە پەسەند نەکرێت و یاسای نەوت و گاز دەرنەچێت، ھیچ شتێک دیار نابێت، ئەگەر بەغدا پابەند بێت بەو ڕێککەوتنەی کە کراوە شتێکی باشە و لەبەرژەوەندی ھەرێمی کوردستانە، ھەتا ڕێککەوتنەکە لە بەرژەوەندی عێراقیشە.