پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل بە‌ دۆلار قە‌دە‌غە‌ كرا

وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڕیاریدا بە قەدەغە كردنی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل بە دۆلار و بۆ ئەوەش هەڵمەتێكی ئاگاداركردنەوەی بۆ پێشانگا و كۆمپانیاكانی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل دەستپێكردووە و بە نووسراوی فەرمی ئاگاداری كردوونەتەوە، كە دەبێت دینار بەكاربهێنن.

جەمالەدین عەبدولڕەزاق، بەڕێوەبەری نەهێشتنی تاوانی ڕێكخراو لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەكاتی ئەنجامدانی هەڵمەتەكەدا لە شاری سامەڕا لە پارێزگای سەڵاحەدین بۆ (سۆمەریە نیوز) ڕایگەیاندووە، خاوەن پێشانگاكانی ئۆتۆمبێل و بازاڕە ناوخۆییەكان بەدواداچوونیان بۆ دەكرێت و لەژێر ڕێنمایی وەزیری ناوخۆ بڕیاردراوە، كە ئەوان مامەڵەی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل بە دۆلار نەكەن و پابەند بن بە دراوی نیشتمانی.

ڕاشیگەیاندووە، مەفرەزەكانمان بەدواداچون بۆ ئەم بابەتە دەكەن و بەڵێننامەیان بە بازرگانەكان و خاوەن پێشانگاكان پڕكردۆتەوە تاوەكو كڕین و فرۆشتن بە دینار بكەن، بۆ ئەوەی بەهای دینار بەرزبێتەوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، هەر كەسێك پابەند نەبێت لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵدا دەكرێت و بە یاسا مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەكان، ئەو هەڵمەتە لە بەغدای پایتەخت و چەندین پارێزگای دیكەی عێراق دەستی پێكردووە و بڕیارەكە بۆ بەرزكردنەوەی بەهای دینارە بەرامبە بە دۆلار لەچوارچێوەی ڕێكارەكانی بانكی ناوەندی.