پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم خۆشحاڵی بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی تیمی یه‌كێتی بۆ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ده‌رده‌بڕێت

سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ میانه‌ی راگه‌یه‌ندراوێكدا پێشوازی له‌ به‌شداری تیمی وه‌زاری یه‌كێتی له‌ كۆبوونه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.

ئه‌مڕۆ (یه‌كشه‌ممه‌ 14ـی ئایاری 2023)، سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: خۆشحاڵين به‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى ئه‌نجومه‌نى وه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان به‌ به‌شداريى تيمى وه‌زاريى يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستان له‌ حكوومه‌ت، هيوادارين ئه‌مه‌ ببێته‌ ده‌ستپێك و هه‌نگاوێك بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى ديكه‌ى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان.

سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یدا ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات، ئه‌مڕۆ له‌ هه‌موو كاتێك زياتر هه‌رێمى كوردستان پێويستى به‌ كۆده‌نگى و يه‌كڕيزى و ته‌بايى هه‌يه‌. سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستانيش وه‌ك هه‌ميشه‌ له‌ كار و هەوڵەکانی به‌رده‌وام ده‌بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنى هه‌موو كێشه‌كان به‌ گفتوگۆ و لێكگه‌يشتن و پشتيوانى له‌ هه‌ر هه‌نگاوێك ده‌كات كه‌ ببێته‌ هۆى به‌هێزبوونى پێگه‌ى هه‌رێمى كوردستان.

رۆژی پێنجشەممە (11ـی ئایاری 2023)، سەرۆک بارزانی لەمیانی گوتارێکدا لە رێورەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانی پەیامێکی ئاراستەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرد و داوای لێکردن لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەنەوە و گوتی، بە دژایەتیکردنی یەکتری کەس هیچی دەستناکەوێت.

سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا، داوای لە هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی کرد کۆببنەو بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەکان و ئامادەکاری بکەن بۆ کۆبوونەوەی فراوانی لایەنەکان پێش 18ـی مانگ لەپێناو گەیشتن بە رێککەوتن و لێکتێگەیشتنی هاوبەش.

دوای پەیامەکەی سەرۆک بارزانیش، هەریەکە لە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و زۆربەی سەرکردە و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان پشتیوانی و ئامادەیی خۆیان بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی دەربڕی.