چه‌ند پڕۆژه‌یه‌ك له‌ هه‌ولێر و دهۆك جێبه‌جێ ده‌كرێن

چواس خالید – هەولێر

له‌سه‌ر داهاتی شاره‌وانی پڕۆژه‌یه‌كی گه‌وره‌ی دروستكردنی ئاوه‌ڕۆی لووله‌یی له‌ قه‌زای بنه‌سڵاوه‌ی هه‌ولێر و پڕۆژه‌ی دروستكردنی شه‌قامێكی بیست مه‌تری له‌ دهۆك جێبه‌جێ ده‌كرێن. هاوكات، له‌ سنووری ناحیه‌ی ڕزگاری و له‌سه‌ر بودجه‌ی په‌ره‌ پێدانی پارێزگای هه‌ولێر، شه‌قامێكی سی مه‌تری ڕۆده‌نرێت.
له‌چوارچێوه‌ی به‌رده‌وامیی خزمه‌تكردنی هاووڵاتیان و پێشكه‌شكردنی پرۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان، له‌سه‌ر داهاتی شاره‌وانی، پرۆژه‌یه‌كی گه‌وره‌ی دروستكردنی ئاوه‌ڕۆی لووله‌یی له‌ قه‌زای بنه‌سڵاوه‌ی پارێزگای هه‌ولێر، له‌ سنووری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی شاره‌وانییه‌كانی هه‌ولێر ده‌ستی پێكرد و دانیشتوانی ناوچه‌كه‌ لێی سودمه‌ند ده‌بن.
ئه‌و پرۆژه‌یه‌ یه‌كێكه‌ له‌ پرۆژه‌ گرنگه‌كانی شاره‌وانی بنه‌سڵاوه‌ و هه‌ردوو گه‌ڕه‌كی گوڵان و ڕاپه‌ڕین لێی سودمه‌ند ده‌بن، گوژمه‌ی پڕۆژه‌كه‌ حه‌فتا و سێ ملیۆن دیناره‌ و له‌سه‌ر ڕێژه‌ی ١٥%ی داهاتی شاره‌وانی دابین ده‌كرێت، كه‌ له‌ بنیاتنانی ئاوه‌ڕۆیه‌كی لووله‌یی له‌نێوان هه‌ردوو گه‌ڕه‌كی ڕاپه‌ڕین و گوڵان له‌ بنه‌سڵاوه‌ به‌ درێژایی سێ سه‌د و په‌نجا مه‌تر، تیره‌ی بۆڕی تیره‌ چل سانتیمه‌تر به‌ درێژایی شه‌ست مه‌تر، له‌گه‌ڵ دروستكردنی هه‌شت مه‌نهۆڵ پێكهاتووه‌.
ڕۆنانی پرۆژە خزمه‌تگوزارییەکان به‌رده‌وامه‌ و جیا له‌و پرۆژه‌یه‌ش چه‌ندان پرۆژه‌ی دی هه‌ر له‌ بنه‌سڵاوه‌ی شاری هه‌ولێر، له‌ قۆناغی جێبه‌جێ كردندان.
هه‌ر له‌ سه‌ر داهاتی شاره‌وانی و له‌ سنووری سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی دهۆك، پرۆژه‌ی دروستكردنی شه‌قامێكی بیست مه‌تری جێبه‌جێ ده‌كرێت، ئه‌و پرۆژه‌یه‌ كه‌وتووه‌ته‌ كه‌رتی سێزده‌ی مالتا ئیسلام له‌نزیك یاریگه‌ی مینی گۆڵف.
پرۆژه‌كه‌ به‌ قۆناغ جێبه‌جێ ده‌كرێت و له‌ قۆناغی یه‌كه‌مدا، شه‌قامێكی دوازده‌ مه‌تری له‌گه‌ڵ شه‌قامێكی بیست مه‌تری دروست ده‌كرێت، كه‌ به‌شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ له‌لایه‌ن تیمی ئه‌ندازیارانی سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی دهۆكه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت و به‌ ته‌واوبوونی كاریگه‌رییه‌كی زۆر له‌سه‌ر ئاسانكاری هاتوچۆ و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی خزمه‌تگوزارییه‌كانی سنووری شاره‌وانییه‌كه‌ ده‌بێت.
هاوكات له‌ چوارچێوه‌ی گه‌یاندنی پرۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان و په‌ره‌پێدانی زیادتری سه‌رجه‌م گوند و ناحیه‌ و قه‌زاكانی سنووری پارێزگای هه‌ولێر به‌بێ جیاوازی، له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو و له‌ گه‌ڕه‌كی شه‌هیدانی ناحیه‌ی ڕزگاری جێبه‌جێ كردنی شه‌قامێكی سی مه‌تری جێبه‌جێ ده‌كرێت.
له‌سه‌ر بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی پارێزگای هه‌ولێر و به‌ گوژمه‌ی چوار سه‌د و چوارده‌ ملیۆن دیناری عێراقی، ده‌ستكرا به‌ دروستكردنی پرۆژه‌ی شه‌قامێكی سی مه‌تری له‌ گه‌ڕه‌كی شه‌هیدانی ناحیه‌ی ڕزگاری، كه‌ له‌ شه‌قامێكی سی مه‌تری به‌ درێژای یەک کیلۆمەتر و دانانی قاڵبی كربستۆن پێكهاتووه‌.
جیا له‌و پرۆژه‌یه‌ش ئێستا چه‌ندین پرۆژه‌ی دیكه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌سه‌ر داهاتی په‌ره‌پێدانی پارێزگا، له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر له‌ قۆناغی جێبه‌جێ كردندان.
به‌پێی ئاماره‌كان و جیا له‌و پرۆژانه‌ی له‌سه‌ر داهاتی په‌ره‌پێدانی پارێزگاكان جێبه‌جێ كراون‌، ساڵی ڕابردوو به‌ گوژمه‌ی بیست و هه‌شت ملیار و پێنج سه‌د و بیست ملیۆن و پێنج سه‌د و نه‌وه‌ت و دوو هه‌زار وحەوت سه‌د و هه‌ژده‌ دیناری عێراقی، ته‌نیا له‌سه‌ر بودجه‌ی داهاتی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری هه‌رێمی كوردستان، ٥٣١ پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ سێكته‌ره‌كانی شاره‌وانی، ئاو و ئاوه‌ڕۆ و گه‌شتوگوزار له‌ سنووری پارێزگاكانی هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك و هه‌ڵه‌بجه‌ و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكانی گه‌رمیان و ڕاپه‌ڕین و سۆران و زاخۆ، جێبه‌جێ كراون، واتا هه‌ر دوو ڕۆژ جارێك سێ پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری ته‌نیا له‌ سێكته‌ری شاره‌وانی پێشكه‌ش به‌ هه‌رێمی كوردستان كراوه‌.