سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ ئەنجوومەنی رۆحانی کوردانی ئێزیدی کۆبووەوە

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران عێراق پێشوازی کرد لەمیری ئێزدییان لە عێراق و جیهان و بابا شێخی ئایینی ئێزدی لە شوێنی مانەوەی خۆی لە شاری مووسڵ.

ئەمڕۆ شەممە 13ـی ئایاری 2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بارەگای مانەوەی خۆی لە شاری مووسڵ، پێشوازی لە حازم تەحسین بەگ، میری ئێزدیان لە عێراق و جیهان و عەلی ئیلیاس حەجی، بابا شێخی ئایینی ئێزدی و شاندی یاوەریان کرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنەکەی، لە کۆبوونەوەکەدا، سوودانی ئەوەی خستووەتەڕوو، شانازیەکی مەزن بەنەوەکانی ئایینی ئێزدی لەچوارچێوەی کۆمەڵگە و گەلی عێراق و جۆراجۆرەکەی دەکات و ئاماژەی بەهەڵوێستە نیشتیمانیەکانی ئێزدیەکانی عێراقی لەرووبەرووبوونەوەی تیرۆر داوە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران جەختی لە پشتگیریکردنی حکومەت لە مافەکانی کوردانی ئێزیدی و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانیان لە ڕێگای ئەنجامدانی پرۆژەی خزمەتگوزاری و ئابووری لەچوارچێوەی بەرنامەی حکومەتدا کردەوە، بۆ ئەوەی ببێتە هۆی ئاسانکاری بۆ گەراندنەوەی خێزانە ئێزدیە ئاوارەکان بۆ شوێنی خۆیان.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: لەلایی خۆیەوە میر حازم تەحسین بەگ و شاندی یاوەری سوپاس و پێزانینی خۆیان پێشکەش بە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران کرد و هەنگاوەکانی حکومەت لەبارەی سەرپەرشتیکردنی نەوەکانی ئایینی ئێزدی و بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بۆ دەستنیشانکردنی سەری ساڵی ئێزدی وەکوو پشووی فەرمی بۆ هەموو ئێزدیان لەگەڵ بڕیاری تاپۆکردنی زەو و پارچە زەویە نیشتەجێیەکانی هاووڵاتیانی ئێزدی بەرز نرخاند، کەڕژێمی پێشوو لەچوارچێوەی سیاسەتە رەگەزپەرستیانەی خۆی راگرتبوو.