دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

سەرۆك بارزانی: دەمانەوێ ناوماڵی كورد رێكبخرێتەوە و ئەم كەشە ناخۆشەی كە ئێستا هەیە، نەمێنێ

سەرۆك بارزانی، لە میانەی گوتارێكیدا كە ئەمڕۆ لە دووەم رۆژی مەراسیمی كردنەوەی یادگەی نیشتیمانیی بارزانی پێشكەش كرد، باسی لەوە كرد كە رێبازی بارزان هەرچەندە پێشووتر ئامادەسازیی بۆ كرابوو بەڵام لە شێخ عەبدولسەلامی دووەمەوە دەستی پێ كرد و رێبازەكە سێ بنەمای سەرەكیی هەن ئەوانیش بریتین لە، خواناسی، نیشتیمانپەروەری، مرۆڤدۆستی و پێكەوەژیان، سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستانیش، سەرۆك بارزانی گوتی: “دەمانەوێ ناوماڵی كورد رێكبخرێتەوە و ئەم كەشە ناخۆشەی كە ئێستا هەیە، نەمێنێ.”

ئەمەی خوارەوە دەقی گوتارەكەی سەرۆك بارزانییە:-
به‌ناوی خوای گه‌وره‌و میهره‌بان

خوشك برایان و ئاماده‌بوونی به‌ڕێز

به‌خێربێین سه‌رسه‌ر و سه‌رچاوان

زۆر سوپاستان ده‌كه‌ین بۆ هاتنتان و زه‌حمه‌تتان كێشاوه‌

به‌مبۆنه‌یه‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ لێره‌ كۆبووینه‌ته‌وه‌، ره‌نگه‌ زۆر كه‌س بپرسی، ئه‌م مۆزه‌خانه‌یه‌ بۆچی دروستكراوه‌، چۆن دروستكراوه‌.

ئه‌مه‌ بۆ ئه‌وه‌ دروستكراوه‌، مێژووێكی پر له‌ سه‌روه‌ری بمێنێ و بزر نه‌بێ. چونكه‌ هه‌ندێجار مرۆڤ وا ته‌سه‌وڕده‌كات ئه‌وه‌ی تۆ ده‌یزانی به‌رامبه‌ره‌كه‌شت ده‌یزانێ، پێویست ناكات باسی بكه‌ی، به‌ڵام كه‌ سه‌یر ده‌كه‌ی هه‌ڵه‌یه‌، زۆر شت هه‌یه‌ كه‌ خه‌ڵك نایزانێ، یه‌كێ له‌وانه‌ رێبازی بارزان، یاخوود بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كه‌ له‌ بارزان ده‌ستیپێكرد.

ئومێده‌وارین له‌رێگه‌ی ئه‌م مۆزه‌خانه‌یه‌وه‌ نه‌وه‌كانی ئایینده‌ش تا ئاستێك له‌ مێژووی پڕ له‌ سه‌روه‌ری میله‌ته‌كه‌یان تێبگه‌ن.

مێژووی خه‌باتی گه‌له‌كه‌مان زۆر شێوێندراوه‌، ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی كه‌ زوڵم غه‌درێكی زۆری لێكردووین، هه‌میشه‌ وایان نیشانداوه‌ كه‌ یاسا جێبه‌جێ بكه‌ن، ئێمه‌ش رێگر و خه‌ڵكێكی دژی یاساین. كه‌چی به‌ پێچه‌وانه‌ بووه‌، ئه‌وان زوڵمیان كردووه‌، میلله‌تی ئێمه‌ش دیفاعی له‌خۆی كردووه‌، بۆیه‌ ئێستا له‌ ئه‌رشیڤی زۆر له‌و ده‌وڵه‌تانه‌ به‌ڵگه‌ی تازه‌ ده‌ستده‌كه‌وێت، ئه‌وان له‌ راپۆرته‌كانی خۆیان راستییه‌كانیان گوتووه‌، كه‌ چۆن و چ كراوه‌.

یه‌كێك له‌و رووداوه‌ گه‌ورانه‌،‌ له‌ ساڵی 1931 – 1932، له‌ گوندی بارزان بۆمبارانكرا و دووسێجاریش به‌ بۆمبی ته‌وقیت، له‌ته‌له‌ڤزیۆنی بی بی سی ، یه‌كێك له‌و فڕۆكه‌وانانه‌ كه‌ به‌شداربووه‌ له‌و بۆمبارانكردنه‌ باسیكردووه‌، ده‌ڵێت كه‌ راپۆرتمان ده‌كرد، فه‌رمانده‌ی هێزی ئاسمانی به‌ریتانی له‌ ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، نه‌یده‌هێشت ئه‌و راپۆرتانه‌ بۆ چه‌رچڵ و له‌نده‌ن بچێت و ده‌یشارده‌وه‌، نابێت ئه‌وه‌ نیشانبدرێت كه‌ له‌ دیهات و ژن و منداڵ دراوه‌.

ئیمڕۆ رۆژی دووه‌مه‌، دوێنێ میوانی بیانی هه‌بوون، دۆست و هه‌ڤاڵ، چ له‌ ده‌ره‌وه‌، یاخوود له‌ به‌غدا، هاتبوون، ئیمڕۆش خۆمانه‌یه‌، ئێوه‌ ئه‌م مۆزه‌خانه‌یه‌ ده‌بینن، ئه‌و جل و به‌رگ و چه‌ك هه‌موو شتێك ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ جه‌نابی بارزانی نه‌مر و زۆرێك له‌و تێكۆشه‌رانه‌ی كه‌ هاوڕێی و هه‌ڤاڵی ئه‌و بوون، ده‌بینین.

ئیمڕۆ له‌ سایه‌ی سه‌ری ئه‌وان ئێمه‌ش لێره‌ توانیمان ئه‌و بۆنه‌یه‌ به‌ڕێوه‌ببه‌ین.

زۆرجار باسی ئه‌وه‌ ده‌كرێت (رێبازی بارزان) یاخوود (رێبازی بارزانی)، ئه‌مانه‌ وشه‌ن، كه‌ پێویستیان به‌ روونكردنه‌وه‌ هه‌یه‌، كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ هه‌ندێ شت بگوترێت، كه‌ پێش ئێستا نه‌گوترابێت، به‌ڵام ئێستا كاتییه‌تی.

ریبازی بارزان له‌ سه‌رده‌می شێخ عه‌بدولسه‌لامی شه‌هید، یاخوود شێخ عه‌بدولسه‌لامی دووه‌مه‌وه‌ ده‌ستیپێكرد، پێشی ئه‌وه‌ زه‌مینه‌سازی بۆكرابوو، ئه‌سڵه‌ن بنه‌ماڵه‌ی ئێمه‌، باپیره‌ گه‌وره‌ی ئێمه‌ (شێخ تاجه‌ددین) كه‌ هاتووه‌ته‌ بارزان، سده‌ی نۆیه‌می كۆچی بووه‌، لێره‌ مزگه‌وتی دروستكردووه‌، قوتابخانه‌یه‌كی ئایینی دروستكردووه‌، زانیایه‌كی گه‌وره‌ بووه‌ و ناوبانگێكی به‌ دینداری و خواپه‌رستی ده‌ركردووهو بێگومان نه‌وه‌كانی دیكه‌شی له‌سه‌ر هه‌مان رێباز به‌رده‌وام بوونه‌، تا گه‌یشته‌ شێخ عه‌بدولسه‌لامی یه‌كه‌م، كه‌ ئه‌ویش زانیایه‌كی زۆر گه‌وره‌ بووه‌، په‌یوه‌ندییه‌كی رۆحی له‌ نێوان ئه‌و مه‌ولانا خالیدی نه‌قشبه‌ندی و سه‌ید ته‌های نه‌هری و زۆر له‌ شێخه‌كانی دیكه‌ش وه‌كو شێخانی بیاره‌ و شێخانی ئالووسی.

دوای وه‌فاتی ئه‌و شێخ محه‌ممه‌دی كوڕی رێبه‌رایه‌تی ته‌رقه‌تی كرد، كه‌ ته‌ریقه‌ی نه‌قشبه‌ندییه‌، كه‌ له‌ سه‌رده‌می شێخ تاجه‌ددینه‌وه‌ ته‌ریقه‌ی نه‌قشبه‌ندی هاتووه‌ته‌ بارزان.

شێخ محه‌ممه‌د پیاوێكی زۆر خواناس بووه‌، زاهد بووه‌، زیاتر خه‌ریكی ئیرشاد و په‌روه‌رده‌ بووه‌، ئه‌مه‌ وایكرد خه‌ڵكێكی زۆر رووی تێبكات، كه‌ ده‌سه‌ڵاتی عوسمانییه‌كانی ناره‌حه‌ت كرد و گرتییان و دوو ساڵ بردیان بۆ بدلیس و زیندانییان كرد، دواتر ئازاد كرا، كه‌ هاته‌وه‌ كۆچی دوایی كرد، ئیتر لێره‌وه‌ رێبازی بارزان ده‌ستیپێكرد.‌