بەڕێوەبەرایەتیی نشینگەی پارێزگای هەولێر ڕوونکردنەوە لەبارەی ڕاگیرانی کەسێک لە فڕۆکەخانەی هەولێر دەدات و دەڵێت، هەوڵی داوە بە پاسپۆرت و بەڵگەنامەی ساختەی عێراقی گەشت بکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە 10ـی 05ـی 2023 بەڕێوەبەرایەتیی نشینگەی پارێزگای هەولێر ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: سەبارەت بە بابەتی ڕاگیرانی کەسێک بە ناوی (عەزیمە ئارسون) لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەوڵیر، بە هەموو لایەکی ڕادەگەیەنین کە ناوبراو هەوڵی داوە بە پاسپۆرت و بەڵگەنامەی ساختەی عێراقی لە ڕێگەی فڕۆکەخانەوە گەشتی دهرەوە بکات و لەلایەن پۆلیسی نشینگەی فڕۆکەخانەوە بەڵگەنامە ساختەکانی ئاشکرا کراوە.
بەڕێوەبەرایەتیی نشینگەی پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەش دا کە پاش لێکۆڵینەوە دەرکەوتووە کە ناوبراو لەلایەن دامەزراوە ئەمنییە فیدراڵییەکانی عێراقەوە داواکراوە و لەسەر داوای ئەوان ڕاگیراوە و لێکۆلینەوەی لەگەڵ کراوە و ڕادەستی لایەنی داواکراو لە حکوومەتی فیدراڵی دەکرێتەوە