په‌ڵكانه‌.. سوپای عێراق سێ جوتیاری كوردی ده‌ستگیركرد

لەنیوەڕۆی ئەمڕۆوە سوپای عێراق لەگوندی پەڵكانە سێ جوتیاری كوردیان دەستگیركردووە و دەستیان بەسەر دوو تراكتۆر و شۆفێری دەڕاسەیەكیشدا گرتووە.

شۆفێری دەڕاسەكە بەكوردستان24ـی راگەیاند، به‌ تەنیا لە رێگابووم، بۆشوێنێك دەڕۆیشتم، سوپای عێراق دەستگیریانكردم و دەڕاسەكەشم دەستیبەسەردا گیراوە.

پێشتریش محەممەد ئیسماعیل، نوێنەری جوتیارانی سەرگەڕان لەم بارەیەوە بە كوردستان24ی راگەیاندبوو، سوپای عێراق بە فەرمی سەرجەم جوتیارانی كوردی سنوورەكەی ئاگەداركردووەتەوە لەوەی، هەر كەسێك كاری كشتوكاڵی و ئاودان و دروێنە بكات دەستگیر دەكرێت و سزادەدرێت.

نوێنەری جوتیارانی سەرگەڕان داواشیكرد، بەپەلە سەركردایەتی سیاسی كورد بێنەسەرخەت و لە ئەگەری چارەسەرنەكردنیشی، ماندووبوونی ئەمساڵیان دەفەوتێ و مەترسی سوتاندنی بەرووبوەمەكانیش هەیە.

هەر ئەمڕۆش، ‎لە كاتی رشاندنی دەرمان و كاری كشتوكاڵی سوپای عێراق، جوتیارێكی كوردیان لەگوندی پەلكانەی سەربە شارەدێی سەرگەڕان دەستگیركرد.

جوتیارەكە ناوی ‎محەممەد عەلی رەحمانە و تەمەنی 23 ساڵە، ‎سەبارەت بە رووداوەكە برایەكی دەستگیركراوەكە بەكوردستان24ی راگەیاند، براكەم لەلایەن ئامر فەجی‎ چواری سوپای عێراق مقەدەم روكن محەممەد دەستگیركراوە و دەستیشیان بەسەر تراكتۆرەكەیدا گرتووە و رادەستی بنكەی پۆلیسی سەرگەڕان كراوە.

گوتیشی: سوپای عێراق لەبیانوو دەگەڕێن و گێچەڵمان پێدەكەن.

ئاماژەی بەوەشدا،‎ سوپای عێراق تەنانەت دوو گەنجی كورد پێكەوە ببینن بڵاوەیان پێدەكەن و دەڵێن بڕۆنەوە ماڵەوە.

ئەو هاووڵاتییە دەشڵێت: كاتی دروێنەی بەرووبوومەكانمان نزیك بووەتەوە و دوور نییە پلانێكیان هەبێت بۆئەوەی زیانمان پێ بگەیەنن و بیسووتێنن.