هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

تەرمی حەیدەر فەیلی گەڕێندرایەوە هەرێمی کوردستان

ئەمڕۆ چوارشەممە 2023.5.10، بە ئامادەبوونى نوێنەرى جەنابى سەرۆک بارزانى و نوێنەرى سەرۆکى هەرێمى کوردستان و نوێنەرى سەرۆکى حکومەتى هەرێم و پارێزگارى هەولێر و نوێنەرانى حزب و لایەنە سیاسیەکان و کەس و کار و خانەوەدەکەى و هاوڕێیانى، لەڕیورەسمێکدا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، پێشوازى لە تەرمی حەیدەر فەیلی، وەزیری پێشووتری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعیی کوردستان کرا و لە لایەن ئامادەبووانەوە تاجە گوڵینەى ڕێز و وەفا لەسەر تەرمەکەى دانرا.

حەیدەر شێخ عەلی غوڵام، ناسراو بە (حەیدەر فەیلی) لە کابینەی چوارەمی حکومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 1999 تا 2006 وەزیری گواستنەوە و گەیاندن بوو، هەروەها ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعیی کوردستان بوو، رۆژی 4/5/2023، بەهۆی نەخۆشییەوە لە وڵاتی نەرویج کۆچی دوایی کرد.