سوپای عێراق هەموو جووڵەیەکی کشتوکاڵی لە جوتیارانی سنووری سەرگەڕان قەدەغە دەکات

بە بڕیاری سوپای عێراق دروێنە و ئاودان و هەر كار و جووڵەیەكی كشتوكاڵی لە سنووری سەرگەڕان لە جوتیارانی كورد قەدەغە دەکرێت.

محەممەد ئیسماعیل، نوێنەری جوتیارانی سەرگەڕان لەم بارەیەوە راگەیاند، سوپای عێراق بە فەرمی سەرجەم جوتیارانی كوردی سنوورەكەی ئاگەداركردووەتەوە لەوەی، هەر كەسێك كاری كشتوكاڵی و ئاودان و دروێنە بكات دەستگیر دەكرێت و سزادەدرێت.

نوێنەری جوتیارانی سەرگەڕان داواشیكرد بەپەلە سەركردایەتی سیاسی كورد بێنەسەرخەت و لە ئەگەری چارەسەرنەكردنیشی، ماندووبوونی ئەمساڵیان دەفەوتێ و مەترسی سوتاندنی بەرووبوەمەكانیش هەیە.

هەر ئەمڕۆش، ‎لە كاتی رشاندنی دەرمان و كاری كشتوكاڵی سوپای عێراق، جوتیارێكی كوردیان لەگوندی پەلكانەی سەربە شارەدێی سەرگەڕان دەستگیركرد.

جوتیارەكە ناوی ‎محەممەد عەلی رەحمانە و تەمەنی 23 ساڵە، ‎سەبارەت بە رووداوەكە برایەكی دەستگیركراوەكە راگەیاند، براكەم لەلایەن ئامر فەجی‎ چواری سوپای عێراق مقەدەم روكن محەممەد دەستگیركراوە و دەستیشیان بەسەر تراكتۆرەكەیدا گرتووە و رادەستی بنكەی پۆلیسی سەرگەڕان كراوە، گوتیشی سوپای عێراق لەبیانوو دەگەڕێن و گێچەڵمان پێدەكەن.

ئاماژەی بەوەشدا،‎ سوپای عێراق تەنانەت دوو گەنجی كورد پێكەوە ببینن بڵاوەیان پێدەكەن و دەڵێن بڕۆنەوە ماڵەوە.

ئەو هاووڵاتییە دەشڵێت: كاتی دروێنەی بەرووبوومەكانمان نزیك بووەتەوە و دوور نییە پلانێكیان هەبێت بۆئەوەی زیانمان پێ بگەیەنن و بیسووتێنن.