هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

تەرمی حەیدەر فەیلی دەگاتەوە هەرێمی کوردستان

ئەمڕۆ چوارشەممە 10/5/2023، تەرمی حەیدەر فەیلی لە وڵاتی نەرویجەوە دەگاتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و دواتر لە گۆڕستانی شیوعییەکان بە خاک دەسپێردرێت.

بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەیەک تەرمی حەیدەر فەیلی، وەزیری پێشووتری گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی نەرویجەوە دەگاتە هەولێر و بە لە ڕێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی فازڵ میرانی و پشتیوان سادق، نوێنەرانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر پێشوازی لە تەرمەکەی دەکرێت.

ئەوەش زانراوە کە بڕیارە کاتژمێر 12ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە گۆڕستانی شیوعییەکان لە هەولێر بە خاک بسپێردرێت.

حەیدەر فەیلی، ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعیی کوردستان و وەزیری پێشووتری گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە 4/5/2023 به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه‌ له‌ وڵاتی نه‌رویج کۆچی دوایی کرد.

حەیدەر شێخ عەلی غوڵام، ناسراو بە ”حەیدەر فەیلی”، لە کابینەی چوارەمی حکوومەتی هەرێمی كوردستاندا لە ساڵی 1999 تا 2006 وەزیری گواستنەوە و گەیاندن بوو.