ئەمڕۆ دەروازەی نێودەوڵەتی زێت لە نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا دەکرێتەوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

یەکێک لە ھەنگاوە گرنگەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کردنەوەی دەروازەی نێودەوڵەتی زێت لە نێوان تورکیا و ھەرێمی کوردستانە. قایمقامی مێرگەسۆریش، دەڵێت: دەروازەکە لەڕووی ئاوەدانیی، گەشتیاریی و بازرگانی سوودی زۆری بۆ ناوچەکە دەبێت و دەرفەتی کاریش بۆ خەڵکی دەڤەرەکە دەڕەخسێنێت، حکوومەتیش زیاتر بایەخ بە ڕێگاوبانەکانی ناوچەکە دەدات.

ئەم دەروازەیە بایەخ و گرنگییەکی زۆری ستراتیجیی سیاسی، ئابووریی، بازرگانی و کۆمەڵایەتی ھەیە لەنێوان ھەردوولا بەتایبەت کە بە ناوچەیەکی گرنگی وەکو دەڤەری بارزاندا تێدەپەڕێت و سەرچاوەیەکی بایەخدارە بۆ کردنەوەی دەیان ھەلی کار و کۆمپانیا و بازرگانی جۆراوجۆر کە خەڵکی دەڤەرەکە سوودمەند دەبن.
ئەمڕۆ چوارشەممە لە مەراسیمێکی فەرمیدا و بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و تورکیا، دەروازەی نێودەوڵەتی زێت لە نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا لە سنووری قەزای مێرگەسۆر سەر بە ئیدارەی سۆران، بەڕووی گەشتیاراندا دەکرێتەوە، بەگوتەی قایمقامی مێرگەسۆر، سەرەتا دەروازەکە بۆ ھاتووچۆی گەشتیاری دەبێت و دواتر جموجۆڵی بازرگانیشی تێدا دەکرێت.
پێشتر فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت لەنێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا بە فەرمی دەکرێتەوە، ئەمەش دوای ساڵێک لە کارکردنی بەردەوام لەسەر پڕۆژەی دروستکردنی ڕێگای سەرەکیی دەروازە نێودەوڵەتییەکە لە نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا، دێت.
دەروازەی زێت، دەکەوێتە گوندی زێت سەر بە ناحییەی شێروان مەزن، دەکەوێتە نێوان باشوور و باکووری کوردستان؛ ئەم دەروازە ئیدارەی سۆران بە پارێزگای جۆلەمێرگ لە باکووری کوردستان دەبەستێتەوە، لەدیوی شەمزینانەوە، ڕێگەیەکی ستانداردی نێودەوڵەتی بۆ ڕاکێشاوە و کەمپێکی سەرەتایی لەناو دەروازەکەدا دروستکراوە بۆ ڕاپەڕاندنی مامەڵەی گەشتیاران.
بە مەبەستی تاوتوێکردنی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە، ڕۆژی یەک شەممە، ٧ـی ئایار، فەریق ڕوکن عیسا عوزێر، سەرۆک ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە یاوەریی چەند بەرپرسێکی سەربازی سەردانی دەروازەکەیان کرد و لەلایەن قایمقامی قەزای مێرگەسۆریشەوە، بۆ یەکەمجار ئاڵای کوردستان لەو دەروازەیە ھەڵدرا.
ھەرێمی کوردستان و تورکیا ئێستە لە ڕێگەی ھەر دوو دەروازەی سنووری ئیبراھیم خەلیل و سەرزێڕ، ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گەشتیاری دەکەن و قەبارەی ئاڵوگۆڕی نێوانیان ساڵانە زیاتر لە دوازدە ملیار دۆلارە، مێرگەسۆر ‌دەبێتە خاڵی بەیەکگەیشتنی ئیدارەی سۆران و ھەکاری، جگە لە سنووری پارێزگای ھەولێر، دەروازەی سنووری زێت بۆ بازاڕەکانی پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجەش نزیکترین دەروازە ‌دەبێت بۆ گواستنەوەی کاڵاکانیان.
ئابووریناس، ئەحمەد سەروان، دەڵێت: دەروازەی زێت، ژیانەوەیەکی نوێیە بۆ ناوچەکە و گرنگی و بەھای ئابووری خۆی ھەیە، ھەروەھا کاریگەری زۆری لەسەر ئابووری ھەرێمی کوردستان دەبێت، جگە لە دابینکردنی خزمەتگوزاری و بەرھەمەکانی دیکە، چونکە ھەرێمی کوردستان پردی پێکەوەبەستنەوەی وڵاتانی عەرەبییە لەگەڵ تورکیا، ئەمە خۆی لە خۆیدا گرنگییەکی زۆری ھەیە بۆ پێگەی ئابووری ھەرێم لە ناوچەکە.
غەفوور ئەحمەد، قایمقامی قەزای مێرگەسۆر، دەڵێت: دەروازەکە ھەلی کاریش بۆ خەڵکی دەڤەرەکە دەڕەخسێنێت، حکوومەتیش زیاتر گرنگی بە ڕێگاوبانەکانی ناوچەکە دەدات، ھەتا لەڕووی ئەمنییەوە بۆ سنووری قەزاکەمان گرنگە، چونکە پێشتر ئەو ناوچەیە، ناوچەیەکی قەدەغەکراو بووە، ئەویش ئاوەدان دەکرێتەوە کە نزیکەی ٦٠ گوند هێشتا ئاوەدان نەکراونەتەوە، بەڵام بە کردنەوەی خاڵە سنوورییەکە وەکو سەرەتا چەند گوندێک ئاوەدان دەبنەوە.
قایمقامی قەزای مێرگەسۆر ئەوەش دەڵێت: ئەمە یەکەم دەرەوازەی فەرمی و نێودەوڵەتی دەبێت لە نێوان ھەولێر و تورکیا، سوودێکی زۆری بۆ ھەرێمی کوردستان دەبێت لە ڕووی بارزگانی و گەشتیارییەوە، ھەروەھا پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە سوود لە کردنەوەی دەروازەکە دەبینن بۆ گۆڕینەوەی کاڵا و کەلوپەلە بازرگانییەکان، چونکە لە دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراھیم خەلیل نزیکترە.
ھەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ڕایگەیاند: ئەو دەروازەیە دەبێتە ھۆی بووژانەوە و ئاوەدانی زیاتر و بەرەپێشچوونی لایەنی ئابووری بەتایبەتی کە دەبێتە ھۆی کرانەوە بەڕووی جموجۆڵی گەشتیاری و بازرگانی، ھەروەھا بە کردنەوەی ئەم دەروازەیە ڕێگای چوار کاتژمێر بۆ ھاووڵاتییانی سۆران و مێرگەسۆر و ھەولێر کەمتر دەکاتەوە.
لەبارەی تەواوکردنی ڕێگاکە، ھەڵگورد شێخ نەجیب، دەڵێت: وەکو قۆناغی یەکەم ڕێگای دەروازەی زێت تەواوبووە و ئامادەیە بۆ ھاتووچۆی گەشتیاری و بازرگانی مام ناوەند، لە قۆناغی داھاتووشدا کاردەکەین بۆ فراوانکردنی کۆمەڵگەی دەروازەکە و ڕێگای دەروازەکە بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی فراوانتر جموجۆڵی بازرگانی تێدا بکرێت و بارھەڵگرەکان بتوانن پێیدا ھاتووچۆ بکەن.
ھەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، گوتیشی: لە ڕێوڕەسمێکی فەرمیدا و بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و تورکیا، ئەمڕۆ بە فەرمی سنووری نێودەوڵەتیی زێت بەڕووی گەشتیاراندا دەکرێتەوە و لە قۆناغی دووەمیشدا کار بۆ ئەوە دەکرێت تێیدا بزاڤی بازرگانی وەگەڕ بخرێت.