وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئەوان جیاوازی لە نێو نەخۆشخانەکانی هیچ پارێزگایەک ناکەن لە دابین کردنی خزمەتگوزاری و دەڵێت: حکوومەتی هەرێم بودجەیەکی تایبەتی فریاکەوتن بۆ پارێزگای هەڵەبجە دابیندەکات.
دوێنێ، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە پاریزگای هەڵەبجە ئاماژەی بەوەکرد، حکوومەتی هەرێم بودجەیەکی تایبەتی فریاکەوتن بۆ پارێزگای هەڵەبجە دابین دەکات و لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەوڵدەدەن سەرجەم ئەو پێداویستییە پزیشکییانەی لە سنووری ئەو پارێزگایە پێویستن بۆیان دابینبکەن.
وەزیری تەندروستی گوتیشی: هەوڵ و پاڵپشتیی تەواو دەدەین بۆ تەواوبوونی پڕۆسەی دامەزراندنی ئەو خۆبەخشانەی بڕیاری لە پێشینەیان هەیە بۆ دامەزارندیان لە ناو و سنووری پارێزگای هەڵەبجە.
سەبارەت بە گرفتەکانی کەمی خزمەتگوزاری لە نەخۆشخانەکانی پاریزگای سلێمانی، سامان بەرزنجی ڕایگەیاند: ڕۆژانە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی پارێزگای سلێمانی لە پەیوەندیداین و ئەوەی لەدەستمان بێت وەکو حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم پارێزگایە و سەرجەم پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان دەیکەین و ئەمە ئەرکی سەر شانی ئێمەیە.
لەبارەی بوونی جیاوازی لەنێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا لەڕووی خزمەتگوزاری پزیشکییەوە؛ سامان بەرزنجی گوتی: هەرگیز جیاوازی نەبووە، یەکەمین شار لە هەرێمی کوردستان کە بڕیارێکمان وەرگرتبێت بۆ دامەزراندن، شاری هەڵەبجە بووە. سەرەتا بیارە بوو، دواتر بۆ ناو شاری هەڵەبجەش. کە ژمارەیان 130 کەس بوو.
سامان بەرزنجی ئەوەشی خستەڕوو، لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا بەشێوەیەکی بەردەوام کاریان لەسەر بەرفراونکردن و زیادکردنی قەرەوێلەکان بۆ نێو نەخۆشخانەکانی هەڵەبجە و سەرجەم پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان کردووە و جیاوازایان لەنێوان هیچ نەخۆشخانەیەکدا نەکردووە.
سەردانی وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان بۆ پارێزگای هەڵەبجە، لە کاتێکدایە باس لە زیادبوونی حاڵەتەکانی هەوکردنی پەردەی مێشک لە نێو مندالانی پارێزگاکە دەکرێت و پێشتریش بەڕێوبەرایەتیی تەندروستیی هەولێر کۆمەک و یارمەتی ڕەوانەی پارێزگاکە کردووە.