ھەفتەی داھاتوو، ڕەشنووسی بودجە بۆ دەنگدان، ئامادە دەبێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، لە دیدارێکدا دەڵێت: ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە لەوەی شایستەکانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان پارێزراو دەبن لەنێو یاسای بودجەی گشتی عێراق و مەترسییان لەسەر نییە. دەشڵێ: ڕاگیرانی نەوتی ھەرێم چەند زیانی بۆ کوردستان ھەیە دوو ئەوەندە زیان بە ئابووری عێراق دەگەیەنێت.

ڕۆژی ١٣ی ئادار، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی پەسەند کرد، کە قەبارەکەی زیاتر لە سەد و نەوەت و نۆ ترلیۆن دینارە، زیاتر لە شازدە ترلیۆن دینار پشکی ھەرێمی کوردستانە، ئاماژە بەوەش کراوە، وەک بەشێک لە ڕێککەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدا، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕۆژانە دەبێت چوار سەد ھەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت.
پێشتر گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاندبوو، بەرەوپێشچوون و لێکتێگەیشتنی باش لە نێوان ھەولێر و بەغدا ھەیە و ڕایگەیاند: لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ ھەولێر، مەسرور بارزانی و محەممەد شییاع سوودانی لە کەشێکی ئەرێنی ڕێککەوتوون لەسەر بەردەوامی کاری بەیەکەوەیی و چارەکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و کارنامەی پەسەندکراوی کابینەکەی سوودانی.
٤ـی نیسانی ٢٠٢٣، ھەردوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیی عێراق ڕێککەوتنیا ئیمزا کرد بۆ ئەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ)وە دەست پێبکاتەوە، بەڵام تائێستە دەستی پێنەکردووەتەوە.
درەنگانی شەوی چوارشەممە ٥ی مانگی ڕابردوو بە ئامادەبوونی ٢٣٥ پەرلەمانتار، پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵەکانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ کرد. لە درەنگانی شەوی یەک شەممە ١٦ـی مانگی ڕابردوو بۆ خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای بودجە دەستی پێکرد، بەڵام دوای خوێندنەوەی ڕاپۆرتی لیژنەی دارایی، دانیشتنەکە ھەڵگیرا بۆ ڕۆژی دووشەممە و دوای گفتوگۆی پەرلەمانتاران و پێشکەشکردنی سەرنج و تێبینییەکان کۆبوونەوەی پەرلەمان کۆتایی ھات بە خوێندنەوەی دووەمی پڕۆژەیاساکە.
پەرلەمانتاران، دەڵێن: ئەگەر لە پەرلەمان کورتھێنان کەم کرایەوە، بودجەی گشتی کەم دەبێتەوە ئەوکات بودجەی ھەرێمی کوردستانیش کەم دەبێتەوە، بۆیە پێمان باشە حکوومەت چۆن بودجەی ڕەوانەی پەرلەمانی عێراق کردووە، با بەمشێوەیە بێت، کە پێشبینی دەکرێت دە تاکو پازدە ترلیۆن دینار، کورتھێنان لە بودجە دروست بێت، ھەوڵ لە ئارادایە ئەو بڕە کەمبکەنەوە، مانەوەی نرخی نەوت لە ٨٠ دۆلار ئاستی کورتھێنان لە بودجەی گشتی وڵات کەمدەکاتەوە.
پەرلەمانتاران، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن عێراق ئارام نابێت، تا ھەرێمی کوردستان ئارام نەبێت، عێراق ناتوانێت ھەنگاوی باش بنێت تا کێشەکانی خۆی لەگەڵ ھەرێم چارە نەکات، دەستەڵاتدارانی عێراقیش گەیشتوونەتە ئەو بڕوایە ھەتا کێشەکانیان لەگەڵ ھەرێم چارە نەکەن، عێراق ئارامی بەخۆیەوە نابینێت.
ڕاستە لە یاسای بودجە ھەموو مافەکانی کورد جێگیر نەکراون، بەڵام جێبەجێ کردنی یاسای بودجە و دانانی بەشی ھەرێمی کوردستان و ڕێککەوتن لەسەر مەلەفی نەوت و گاز، ڕاستەوخۆ ڕێگە خۆشکەر دەبێت بۆ ئەوەی لە داھاتوودا ڕێککەوتنەکە ببێتە دەرفەت بۆ چارەکردنی تەواوی کێشەکانی دیکەی نێوان ھەولێر و بەغدا بەتایبەتی کێشەی ماددەی سەد و چل و نەوت و گاز.
خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: تا ٢٠ـی ئەم مانگە ھەموو ڕێکارەکانی تایبەت بە پڕۆژەیاسای بودجە تەواو دەبن و ئامادەبێت بۆ دەنگدان، زۆریش گرنگە لە ماوەیەکی نزیکدا پەسەند بکرێت، کە بۆ ھەرێمی کوردستان و ھەموو عێراق گرنگە، چونکە زۆر کەس دامەزراون، چاوەڕێی پەسەندکردنی بودجە دەکەن بۆ ئەوەی مووچەکانیان وەربگرن، ھەروەھا بودجەی پڕۆژەکان ڕاگیراوە، ئەگەر بودجە پەسەند بکرێت، بەشی ھەرێمی کوردستانیش بە تەواوەتی ڕەوانە دەکرێت.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، گوتیشی: ھەوڵ دەدەین ئەو خاڵانە چارە بکەین کە ئێستە بوونەتە جێی ناکۆکی لە نێوان لایەنەکان، ھەر بڕگە و ماددەیەک ھەموار بکرێتەوە، دەبێت لە بەرژەوەندی ھەرێمی کوردستان بێت ئەگەرنا دەستکاری ناکرێت، خەڵکی کوردستانیش دڵنیا دەکەمەوە ھیچ مەترسییەک لەسەر بودجەی ھەرێم نییە و ھەر کاتێک بودجە پەسەند کرا پشکی ھەرێمی کوردستان بە تەواوەتی ڕەوانە دەکرێت.
خەلیل غازی، دەشڵێ: بۆ ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان ھەندێک بابەتی تەکنیکی ماون، دوای چارەکردنی ئەو کێشە تەکنیکیانە داوا لە تورکیا دەکرێت، بۆ ئەوەی دووبارە نەوتی ھەرێمی کوردستان ھەناردە بکرێتەوە، چونکە ڕاگیرانی نەوتی ھەرێم چەند زیانی بۆ ھەرێم ھەبێت، دوو ئەوەندە زیان بە ئابووری عێراق دەگەیەنێت.
خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: ھەر کاتێک بودجە لە پەرلەمان پەسەند کرا، ڕەوانەی سەرۆکایەتی کۆمار دەکرێت، ھەر کاتێک سەرۆک کۆمار ئیمزای لەسەر کرد، وەزارەتی دارایی ڕێنمایی دەردەکات بۆ خەرجکردنی بودجە بۆ ھەموو عێراق، بە ھەرێمی کوردستانیشەوە.