ئەمڕۆ سێشەم نۆی ئایار ٧٧ ساڵ بەسەر دەرچوونی رۆژنامەی هاواری نیشتمان تێ دەپەڕێت کە لە ساڵی ١٩٤٦ و لە سەردەمی کۆماری کوردستان بڵاو دەکرایەوە و لە ماوەیەکی کورتدا بووبووە زمانحاڵی گەنجان و لاوانی ئەو سەردەمە و بەشێک لەو شەپۆلە ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەی لەژێر سێبەری کۆماردا سەری هەڵدابوو.
کۆماری کوردستان، سەرەڕای ئەوەی کە تەمەنێکی کورتی ١١ مانگی هەبوو بەڵام لەو ماوە کورتەدا جگە لە خەباتێکی درەوشاوەی سیاسی، لە زۆربەی کایەکانی ژیانی مەدەنی و ڕۆشنبیریشدا جێپەنجەی دیار بوو. ڕێکخراو و کۆمەڵەکان لە کۆمەڵگەدا سەریان هەڵدا کە سەردەمێکی نەریتی بوو و ژمارەیەکی زۆری ڕۆژنامە و بڵاوکراوە دەرچوون.
ڕۆژنامەگەریی کوردی، لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا پانتاییەکی زۆری بۆ ئەدەب و فەرهەنگ تەرخان کردبوو، بەتایبەت ئەدەبی بەرگری و شیعری نیشتمانی، جیا لەوەش لەنێو بڵاوکراوەکانی کۆماردا هەوڵ دراوە فەرهەنگێکی تایبەت بۆ ناو و زاراوە سەربازییەکان جێ بکرێتەوە و وشەی کوردیی پەتی و ڕەسەن لە گوتار و نووسینەکاندا بەکار بهێنرێن.
ئەو کات هەموو دەروویەک بەڕووی گەشەکردنی سیاسی و فەرهەنگیدا ئاوەڵا بوو. لە کەش و هەوای ئازادی کۆماری کوردستاندا و گەشەکردنی کۆمەڵگەی کوردستان لە بواری بیری نەتەوەییەوە، گوتاری بەهێز نووسراوە. جگە لە هاواری نیشتمان، ڕۆژنامەی کوردستان، هەڵاڵە، گڕوگاڵی منداڵان و کۆمەڵێک گۆڤار و ڕۆژنامەی تر چاپ و بڵاو دەکرانەوە.
هاواری نیشتمان لە لایەن یەکێتیی جەوانانی دیموکراتی کوردستانی ئەو سەردەمە دەرکراوە کە دواتر ناوەکەی بۆ یەکێتیی لاوان گۆڕدراوە.
لەسەر دەرچوونی هاواری نیشتمان ڕای جیاواز هەیە؛ هەندێک سەرچاوە بۆ سەرەتای نەورۆزی ساڵەکەی دەگەڕێننەوە وەک چۆن لە سەربەرگی ژمارەی یەکەمی گۆڤارەکە ئاماژەی پێ کراوە و دەگوترێ لە نۆی ئایار بە ناوی ڕۆژنامە درێژە بە چاپ و بڵاوکردنەوەی دراوە.
عەلائەدین سەجادی لە كتێبی مێژووی ئەدەبی كوردی کە لە ساڵی ١٩٧١ لە بەغدا چاپی دووەمی بڵاو بووەتەوە باسی لەوە کردووە هاواری نیشتمان یەك ژمارەی به شێوەی گۆڤار دەرچووە و پاشان وەكو ڕۆژنامە چەند ژمارەی دیكەی لێ دەركراوه.
هاوکات محەمەد تۆفیق وردی لە کتێبی ڕۆژنامەگەری لە كوردستانا، ئاماژەی بەوە داوە هاواری نیشتمان ڕۆژنامەیەكی هەفتانە و بڵاوكەرەوەی بیری لاوانی كوردستان بوو کە لە لایەن سدیق ئەنجیری لە مەهاباد بڵاو دەکرایەوە و دوای چەند ژمارەیەک، ئەوجا بە شێوەی گۆڤار چاپ کرا و هەر لە ساڵی ١٩٤٦ دوای نەمانی کۆماری کوردستان چاپی ئەو بڵاوکراوەیەش پەکی کەوتووە. وەک لە لاپەڕەی یەکەمی ڕۆژنامەکە نووسراوە ئۆرگانی یەکێتیی جەوانانی دیموکراتی کوردستان بووە.
باس لەوە دەکرێ ژمارە یەکی هاواری نیشتمان لە ڕۆژی پێنجشەمە 19ی بانەمەڕ دەرچووە کە دەکاتە نۆی ئایاری ١٩٤٦ی زایینی و لە دوو لاپەڕە دا و حەوتووی دوو جار بڵاو کراوەتەوە. هێشتا بە وردی نازانرێ بە گشتی چەند ژمارە لە هاواری نیشتمان بڵاو کراوەتەوە. بەڵام ئێستە لە ژمارەی یەک تا پێنجی بەدەستەوەیە کە ژمارە پێنجی لە دووی پووشپەڕی ١٣٢٥ی هەتاوی یان هاوینی ساڵی ١٩٤٦ بڵاو کراوەتەوە.
ئەو ڕۆژنامەیە هەر لە چاپخانەی کوردستان لە مەهاباد چاپ کراوە و سەدیقی ئەنجیری ئازەر، سەرنووسەر یان مودیری مەسئوولی ئەو ڕۆژنامەیە بووە.
هەندێک لە نووسەرانی هاواری نیشتمان بریتی بوون لە محەمەد تۆفیق وردی، سەدیقی ئەنجیری ئازەر، سەیفوڵای نانەوازادە، دڵشادی ڕەسووڵی، ئەنوەر دڵسۆز، مەلای داودی ( مەلا عەبدوڵای حەجۆکێ )، محەممەد شاپەسەندی.
شاعیری گەورەی کورد مامۆستا هێمنیش لە پێشەکی “تاریک و ڕوون”دا، لە بیرەوەرییەکانی خۆی بە ناوی ” لەکوێوە بۆ کوێ؟” و هەروەها مامۆستا هەژار لە کتێبی “چێشتی مجێور”دا، باس لەوە دەکەن کە شێعر و بابەتیان بۆ هاواری نیشتمان نووسیوە و بڵاو بۆتەوە.
بە پێی ئەم بەڵگە مێژووییانە دەردەکەوێت “هاواری نیشتمان” بە پێی هەل و مەرجی ئەوکات و نەبوونی داهاتی پێویست بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، یەکەم ژمارەی وەک گۆڤار و لە ڕێکەوتی یەکی خاکەلێوە یان نەورۆزی ١٩٤٦ بڵاو بۆتەوە و پاشان وەکو ڕۆژنامە زیاتر لە پێنج ژمارەی دیکەی بڵاو کردووەتەوە و یەکەم ژمارەی لە ١٩ی بانەمەڕ یان نۆی ئایار چاپ کراوە.