دوو ئافرەت لەسەر ئەو كورسییە رکابەرایەتی دەكەن

كارزان گلی – هه‌ولێر

بە بەراورد بە چەند هەفتەی رابردوو، پروپاگندەی هەڵبژاردن لە دوو هەفتەی كۆتایی مانگی رەمەزاندا ئارامشی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام دوای هەموو بێدەنگییەك زریانێكی گەورە بەڕێوەیە، بۆیە چاوەڕێ دەكرێت، دوای جەژن، پروپاگندەی هەڵبژاردن لە توركیا زۆر توند ببێت. یەكێك لەو شارانەی چاوی زۆری لەسەرە دەرسیمە، ئەو شارەی كەمال كلیچدارئۆغڵو، بەربژێری ئۆپۆزسیۆن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی لێی لەدایك بووە، بەڵام زۆرینەی ئەو شارە هەدەپەیین.

پێشتر دەرسیم، خاوەنی دوو كورسی بوو لە پەرلەماندا، لە هەڵبژاردنی 2018، لەو دوو كورسییە هەدەپە دانەیەكی بردەوە و جەهەپەش دانەیەك، بەڵام دوای ئەوەی كورسی پەرلەمان بەسەر شارەكاندا دابەش كرایەوە، رێژەی كورسی پەرلەمانی دەرسیم، لە دوو كورسییەوە بۆ یەك كورسی كەم بووەوە، شەڕی هەدەپە و جەهەپە، لەسەر ئەو كورسییەیە.
هەردوو پارت شەڕ لەسەر ئەو كورسییە دەكەن، هەردوو پارتیش ئافرەتیان بەربژێر كردووە، ئاكەپە و مەهەپەش بەربژێریان هەیە و شەڕ بۆ ئەو كورسییە دەكەن، بەڵام بردنەوەی ئەوان مەحاڵە، ئەگەر ئەنجامی هەڵبژاردنی پێشووتر وەربگرین، ئەو كورسییەی پەرلەمان بۆ هەدەپە یەكلایی بووەتەوە، چونكە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی 2018، هەدەپە توانیی لە دەرسیم 51%ی دەنگەكان بهێنێت و جەهەپەش 26%، بۆیە زۆرینەی دەرسیم هەدەپەیین.
حوسنییە كەرەكۆین، بەربژێری جەهەپە لەسەر بازنەی دەرسیم، دەڵێت بەربژێری هەدەپە بە رقیبی خۆم نازانم، چونكە ئێمە هاوڕێین و هەروەها هەر كاممان بیبەینەوە ئەوی تریان نیگەران نابێت، ئێمە شەڕ بۆ یەك ئامانج دەكەین.
حوسنییە قسەی بۆ ئاژانسی (DW) كردووە و دەڵێت: ”ئەگەر سەیری هەڵبژاردنەكانی پێشووتر بكەین، دەبینین پارتە سیاسییەكان لە پروپاگندەی هەڵبژاردندا بوختان و سووكایەتی زۆریان بەیەكتری كردووە، بەڵام بۆ ئێمە ئەوە نابینن و هەرگیز بەو شێوەیە رووبەڕووی یەكتری نابینەوە، تەنانەت دوای جەژن سەردانی رەقیبەكەم دەكەم و هیوای سەركەوتنی بۆ دەخوازم.“
شەڕی هەدەپە و جەهەپە، لەسەر ئەو كورسییەی دەرسیمە، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی، ئەگەر زۆرە، كلیچدارئۆغڵو زۆرینەی دەنگەكان بەدەست بهێنێت، لەوڕووەوە هەدەپەش پشتگیری دەكات و دەنگدەری دەرسیمیش بە گەرمییەوە پێشوازی لە كلیچدارئۆغڵو دەكەن.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا بڵاوی كردووەتەوە، كردووەتەوە، رێژەی دەنگدەر لە دەرسیم ٦٥هەزارو٥١٨ دەنگدەرە، ئەگەریش زۆرە لەو رێژەیە زۆرینەی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی دەنگ بە كلیچدارئۆغڵو بدات، بەڵام بۆ پەرلەمان، هەدەپە كورسییەكە دەباتەوە.
دەرسیم، هیچ كاتێك بەلای ئاكەپە و مەهەپەوە گرنگ نەبووە، چونكە خەڵكەكەی لە هەموو هەڵبژاردنێكدا پشتیان لەو دوو پارتە كردووە، بەتایبەت كاتێك ساڵڕۆژی كۆمەڵكووژی دەرسیم دەكرێتەوە، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە، وتاری زۆر توند دەدات و شەرعییەت بەو كۆمەڵكووژییە دەدات. هەروەها زۆرجاریش رەجەب تەییب ئەردۆغان، عەلەویبوونی كلیچدارئۆغڵوی قۆستووەتەوە تا بەدەنگدەر بڵێت، عەلەوییەكان دژی ئیسلامن و ناكرێت ببنە سەركۆماری توركیا، بۆیە دەنگدەری دەرسیم، لە ماوەی چوار هەڵبژاردنی پێشووتردا، بۆ هەدەپە یەكلایی بووەتەوە.