كارزان گلی – ههولێر
ئەو كەسەی لە توركیا، لە نووسین و لێدوانەكانیدا، پشتگیرییەكی تەواوی ریفڕاندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی كوردستانی دەكرد، بە ئەگەرێكی زۆرەوە، رەنگە لە خولی داهاتووی پەرلەمانی توركیا، سەرۆكایەتیی پەرلەمان بگرێتە دەست.
حەسەن جەمال، رۆژنامەنووسی بەناوبانگی توركیا، كە بە دۆستی كورد و سەرۆك بارزانی ناوی دەهێنرێت، لەسەر لیستی پارتی چەپی سەوز، كە هەدەپە لەژێر ناوی ئەو پارتە دەچێتە ناو هەڵبژاردنەوە بەربژێرە، ئەگەر زۆرە ببێتە سەرۆكی پەرلەمانی توركیا.
بە گوێرەی لیستی ناوی هەموو بەربژێرەكانی پارتە سیاسییەكانی توركیا، حەسەن جەمال، بەتەمەنترین بەربژێرە، بۆیە ئەگەر ببێتە پەرلەمانتار، سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكات، چونگە بە گوێرەی دەستووری توركیا، كاتێك خولی تازەی پەرلەمان دەكرێتەوە، دەبێت بەتەمەنترین پەرلەمانتار ئەو ئەركە بگرێتە ئەستۆ و سەرۆكایەتی پەرلەمان بكات، بۆیە حەسەن جەمال بۆ ماوەیەكی دیاریكراو دەبێتە سەرۆكی پەرلەمانی توركیا.
ئەو رۆژنامەنووسە، دووجار دیمانەی رۆژنامەوانی لەگەڵ سەرۆك بارزانیدا كردووە، جاری یەكەم، دوای راپەڕین بوو، جاری دووەمیش ئەوكات بوو، كە كوردستان ئاوەدان كرابووەوە و شەڕی ناوەخۆش دەمێك بوو كۆتایی پێهاتبوو.
لە نووسینێكیدا كە لە سەروبەندی ریفڕاندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان نووسیبووی، باسی لەو ساتە كرد، كە بۆ یەكەمجار بوو لەگەڵ بارزانی دیمانەی رۆژنامەوانیی بكات و دەڵێت، ئەوكات بارزانی كەیفخۆش نەبوو، چونكە كوردستان وێران ببوو و رژێمی بەعس، شارەكانی وێران كردبوو، بەڵام ئەوكاتیش كاتێك لە بارزانیی پرسیوە، مەیلی دروستبوونی دەوڵەتی كوردیت هەیە، ئەو بە بەڵێ وەڵامی داوەتەوە.
هەروەها ئاماژەی داوە، دوای چەندین ساڵ، كاتێك دووبارە چووەتەوە خزمەتی بارزانی، لە كاتی پێشوازی لێكردنیدا بارزانی بە زەردەخەنەوە پێشوازی لێ كردووە، بۆیە حەسەن دەڵێت ”زانیم ئەو پێكەنینە بۆ ئەوەیە، كە جاری یەكەم دیمانەم لەگەڵدا كرد، كوردستان وێران ببوو و هیچ دەستی ئاوەدانیی پێ نەگەیشتبوو، بۆیە نیگەران دیار بوو، بەڵام بۆ ئەمجارەیان كوردستان جیاواز بوو و هەموو سیفاتێكی دەوڵەتبوونیان تێدا بوو.“
ئەو رۆژنامەنووسە بەناوبانگەی توركیا، بۆیە ئەو وتارەی نووسیبوو و باسی لەو دیدارەی خۆی و بارزانی كرد، تا بەڕای گشتی توركیا بڵێت، كورد مافی خۆیەتی ببێتە دەوڵەت و بیرۆكەی دروستبوونی دەوڵەتیش لای بارزانی، هەر لەوكاتەوە سەری هەڵدا، كە لە راپەڕینێكدا لە 1991 هەرێمی كوردستان دروست بوو.
كاتێك لە حەسەن جەمال دەپرسن، چۆن بوو بڕیارتدا ببێتە بەربژێر بۆ پەرلەمان و بێیتە ناو سیاسەت؟ دەڵێت: ”هاوسەرەكەم پشتگیری كردم و گوتی، مادام چەندین ساڵە بەنووسین و دیمانەی رۆژنامەوانیی خەریكی پرسی كوردیت، ئەی بۆچی ناچیتە ناو پەرلەمان خەبات بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد بكەیت؟“.
حەسەن جەمال، لەسەر بازنەی ئیستانبۆڵ خۆی بەربژێر كردووە، بوونی ئەو بە پەرلەمانتار ئەگەرێكی زۆر زۆر بەهێزە، چونكە هەدەپە لە ئیستابۆڵ، بەردەوام 12 كورسی بردووەتەوە و كارێكی زۆر جیدیش بۆ حەسەن دەكەن، تا بتوانن بینێرنە پەرلەمانی توركیا، هەربۆیە لەئێستاوە، پەرلەمانی توركیا خۆی بۆ ئەوە ئامادە كردووە، كە سەرۆكایەتی خولی تازەی پەرلەمان بە حەسەن بسپێرن، ئەمەش یەكەمجارە لە مێژووی توركیا، كە پەرلەمانتارێكی سەر بە پارتێكی كوردی لە توركیا ببێتە سەرۆكی پەرلەمان.