ئەو نووسەرە بیانییەی كاری بۆ ناساندنی جینۆسایدی كورد دەكرد كۆچی دوایی كرد

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

(پاڤێل سمۆلێنسكی) ڕۆژنامەنووس و پەیامنێر و نووسەر و دۆستی گەلی كورد و پشتیوانی ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان، كۆچی دوایی كرد.

نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی لە پۆڵەندا پرسەنامەیەكی لەم بارەیەوە بڵاو كردووەتەوە، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی نووسەرەكە كردووە، وێڕای پرسە و سەرەخۆشیكردن لە بنەماڵە و كەسوكارەكەی، ئاماژە بەوە دراوە كە سمۆلێنسكی كتێبێکی لێ بەجێ ماوە بە ناوی “بادەمی سەوز؛ بۆچی جیهان پێویستی بە كوردە؟”
هەروەها ئەم نووسەرە یەكێك بوو لە پشتیوانان و چاودێرانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی كوردستان لە ساڵی ٢٠١٧دا؛ هەمیشە بابەتی كورد و كوردستان لە دڵیدا بوو.
پەرتووكی (بادەمی سەوز، جیهان كوردی بۆ چیە؟) کە بە زمانی پۆڵۆنی چاپ كرا، دەنگدانەوەیەكی زۆری لەلایەن خوێنەرانی پۆڵۆنیاوە لێ كەوتەوە و لە ڕاپرسییەكی ئینتەرنێتیشدا وەكو یەكێ لە باشترین كتێبەكانی ساڵی 2016 لە پۆڵۆنیا دەستنیشان كرا.
“بادەمی سەوز” بەرهەمی چەند سەردانێكی ڕۆژنامەنووسە پۆڵۆنیەكەیە بۆ كوردستان لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا.
پاڤێڵ سمۆلێنسكی بە سۆزێك و نیگایەكی تایبەتەوە لێكۆڵینەوەی ڕۆژنامەوانی لەبارەی كوردەوە بڵاو كردووەتەوە. لە كتێبەكەیدا ئاماژە بە مێژووی پڕ لە خەبات و كارەسات و جینۆسایدی كورد دەكات، هەروەها پێشكەوتنەكانی ئەو ساڵانەی دوایی هەرێمی كوردستان دەخاتە ڕوو.
ڕۆژنامەنووس، پەیامنێر و نووسەری پۆڵەندی؛ سمۆلێنسكی، لەدایکبووی ٧ی تەمووزی ١٩٥٩ لە شاری وارشۆ، لە ٢ی ئایاری ٢٠٢٣دا بە شێرپەنجە كۆچی دوایی كرد. لە ساڵی ١٩٨٩ـەوە تا مایشبوو، پەیوەندی پیشەیی لەگەڵ دامەزراوەی میدیایی “گازێتا ویبۆرچا”دا هەبووە.
هەندێك لە رۆژنامە بەناوبانگەكانی پۆڵەندا نووسیویانە مردنی پێشوەختەی پاوێل سمۆلینسكی تەنیا زیانێكی گەورە نییە بۆ ڕۆژنامەگەریی پۆڵەندی، بەڵكو بۆ هەموو جیهان زیانێكی گەورەیە.