سەرۆکی شارەوانیی ڕوڤیا ئاشکرای کرد، کە لە سنووری ناحیەی ڕوڤیا کۆمەڵێک پرۆژەی جۆراوجۆر لە بواری جێبەجێکردندان بە گوژمەی زیاتر لە ملیارێک دینار و بڕیاریشە ڕێگای ستراتیژیی ناو ڕوڤیا کە دەکرێتە دووساید بە گوژمەی حەوت ملیار و500 ملیۆن دینار جێبەجێ بکرێت.
زەید سەلیم، سەرۆکی شارەوانیی ناحیەی ڕوڤیا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ”بۆ تەواوکردنی دووسایدی ناو ڕوڤیا ئێمە دوو دەرخستەمان هەیە، یەکێک بە گوژمەی نزیکەی 13 ملیار دینارە کە دووساید و ڕێگەی خەدەمی دروست دەکرێت. بەڵام لە دەرخستەی دووەم بۆ ئەوەی بتوانرێت بودجە بۆ پرۆژەکە خەرج بکرێت کەممان کردووەتەوە بۆ حەوت ملیار و500 ملیۆن دینار، لەبەر ئەوەی جادەی خەدەمیمان لێ هێناوەتە دەرەوە، چونکە پارێزگار باسی لەوە کردبوو کە ئەگەر پارەکە کەم بکرێتەوە بۆ ئەوە بتوانرێت خەرج بکرێت و پرۆژەکە جێبەجێ بکرێت.
زەید سەلیم گوتیشی: پرۆژەکە هەموو ڕێکاری یاسایی خۆی تەواو کردووە و پارێزگار و بەڕێوەبەری ناحیەی ڕوڤیا و قایمقامی قەزای بەردەڕەشیش لەسەر خەتن بۆ ئەوەی بودجە بۆ پرۆژەکە تەرخان بکرێت و بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.”
سەرۆکی شارەوانیی ڕوڤیا گوتی: ”جگە لەوەش لە ناحیەی ڕوڤیا دوو پرۆژەمان لە بواری جێبەجێکردندایە، ئەوانیش چاککردنی کۆڵان و شەقامەکان و ئاوەڕۆی سندووقییە، پرۆژەی یەکەم دروستکردنی شەقام بەدرێژاییی 1،5 کم و230 مەتر ئاوەڕۆیە کە ئێستا لە واری جێبەجێکردندایە و60%ی تەواو بووە و پرۆژەی دووەم یەک کم و 388 مەتر شەقامە و 695 مەتر ئاوەڕۆیە، ڕێژەی جێبەجێکردنی 20%ی تەواو بووە.”
زەید سەلیم گوتیشی: ”پرۆژەی یەکەم بە گوژمەی 420 ملیۆن دینارە و ئەوەی دووەم 584 ملیۆن دینارە، هەردوو پرۆژەکە لە واری جێبەجێکردندان و زۆریش پێویستن.”
دووسایدی ناو ناحیەی ڕوڤیا بە ڕێگایەکی ستراتیژی هەژمار دەکرێت کە دەکەوێتە سەر ڕێگای نێوان هەولێر بۆ دهۆک، بۆیە ماوەیەکی زۆرە بڕیاری ئەنجامدانی ئەو پرۆژەیە دراوە و چاوەڕێ دەکرێت بکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە