حکوومەت ڕژدە لە بنبڕکردنی چەکی بێ مۆڵەت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دوای نزیکەی ساڵێک مۆڵەتدان بە ھاووڵاتییان تا چەکە نایاساییەکانیان لای حکوومەت تۆمار بکەن، بڕیاریداوە لە ٢١ـی تەممووزی ٢٠٢٣ ڕێکاری یاسایی نوێ لەگەڵ ئەو سەرپێچیکەرانە بگرێتەبەر کە چەکی بێ مۆڵەتیان لێ دەگیرێت. پەرلەمانتارانی لیژنەی ناوخۆ لە پەرلەمانی کوردستان، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، داماڵینی چەک ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر کەمکردنەوەی ڕێژەی تاوان دەبێت.

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەڵمەتی بەردەوامی بۆ داماڵینی چەک و تۆمارکردنی چەکی نایاسایی گرتووەتە بەر، تاکو لەو ڕێگەیەوە فاکتەرێکی بەھێزی توندوتیژیی کۆمەڵایەتی کەم بکاتەوە، بۆ ئەو مەبەستە لە ماوەی ڕابردوو، بە قۆناغ ھەموو ھاووڵاتییان و دەزگا جۆربەجۆرەکانی میدیا و مامۆستایانی ئایینی و حیزبە سیاسییەکانی بۆ بەشداریکردن لەو ھەڵمەتەدا ئاگادار کردۆتەوە.
وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان نووسراوی ژمارە ک/١٠٣٣٨ـی ئاراستەی پارت و ھێزە سیاسییە مۆڵەتدراوەکانی ھەرێمی کوردستان کرد کە یاسا و ڕێنماییەکانی بواری چەکی تێدایە.
ماوەیەکە لە ھەرێمی کوردستان ھەڵگرتنی چەک بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، ئەمەش بووەتە ھۆی ئەوەی کە چەندین ڕووداوی نەخوازراو ڕوو بدەن، ساڵانە لە ھەرێمی کوڕدستان دەیان کەس دەبنە قوربانی تەقەکردن و ھەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت.
لە نووسراوەکەی وەزارەتی ناوخۆدا چەند داواکارییەک لەبارەی چەک ئاراستەی حیزبەکان کراوە کە بە کورتی لە چەند خاڵێکدا کورت دەبنەوە، لەوانە حیزب و ھێزە سیاسییەکان بەشداری بکەن لە ھەڵمەتەکانی ھۆشیارکردنی ھاووڵاتییان لەبارەی چەک، دووەم، ئەندامانی حیزبەکان چەک بەپێی یاسا بەکاربھێنن، سێیەم، کەناڵەکانی میدیا بخرێنە خزمەت پڕۆسەی بڵاوکردنەوەی ھۆشیاریی ناتوندوتیژی، چوارەم، حیزبەکان چەک وەک دیاری نەبەخشنە ئەندام و لایەنگرانیان، پێنجەم، حیزبەکان کۆگەی ھەڵگرتنی چەک بۆ پاسەوانەکانیان دروست بکەن، بۆ ئەوەی پاسەوانی بارەگاکانیان تەنھا لە کاتی پاسەوانیدا چەکیان لا بێت و لەگەڵ خۆیان چەک نەبەنەوە.
ھێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، ڕایگەیاند: ٢١ی تەممووزی ٢٠٢٣ وەکو دواکات بۆ تۆمارکردنی چەکی بێ مۆڵەت دانراوە، پێشتر بنکەکانی تۆمارکردنی چەک ڕاگەیانرابوون و بڵاو کرابوونەوە، تاکو ھاووڵاتییان چەکەکانیان تۆمار بکەن، ساڵێک بەس بوو بۆ ھۆشیارکردنەوە و ئاگاداری خەڵک تاکو چەکەکانیان لای حکوومەت تۆمار بکەن، ئەوەی مەبەستی بووبێت چەکەکەی تۆمار بکات، کردوویەتی.
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، گوتیشی: ئەو چەند مانگەی ماوە داوا لە ھاووڵاتییان دەکەین سەردانی ئەو بنکانە بکەن، چونکە لە ٢١ی تەممووز بارودۆخەکە لە ڕووی یاساییەوە دەگۆڕێت، ھەر کەسێک چەکی بێ مۆڵەتی لێ بگیرێت، بەپێی ماددەی ١٥ لە یاسای ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٢٢، مامەڵەی یاسایی لەگەڵ دەکرێت، لە ساڵێک تا سێ ساڵ بەند دەکرێت و لە دوو ملیۆن تاکو پێنج ملیۆن سزای دارایی دەدرێت.
لەبارەی ھۆشیارکردنەوەی ھاووڵاتییانیش لەوبارەیەوە دەڵێت: پێویستە ھاووڵاتییان ئەو ھەڵمەتی چەکداماڵینە کە بەرژەوەندیی گشتی تێدایە، بەھی خۆیان بزانن، ئەویش بە تۆمارکردنی چەکەکانیان و دەرنەھێنان و پەنانەبردنە بەر چەک لە کاتی گرفتە کۆمەڵایەتییەکاندا، بەڵکو پێویستە پەنا بۆ یاسا و گفتوگۆ ببەن لە جیاتی ئەوەی پەنا بۆ توندوتیژی ببرێت، چونکە ڕێگەی توندوتیژانە کێشەکان قووڵتر دەکاتەوە و چارەشی قورستر دەکات.
بەگوتەی بەرپرسانی پۆلیس لە شارو شارۆچکەکان، بەردەوام بازگە دادەنێن بەمەبەستی دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆلەت.
بەرپرسانی پۆلیس لە شارو شارۆچکەکان، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن: داوا لە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان و ھاووڵاتیان دەکەین ھاوکاربن لە کۆنترۆڵکردنی چەک و دیاردەی چەکداریی،
ئەو بەرپرسانە، دەڵێن: دوای بڕیارەکە ڕۆژانە ھاووڵاتییان سەردانی بنکەکانی تۆمارکردنی چەک دەکەن و چەکەکانیان تۆمار دەکەن، چونکە ئەگەر چەکەکانیان تۆمار نەکەن، لە دوای ئەو وادەی کە دانراوە سەرپێچیکاران ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی دەبنەوە، بۆیە داواکارین لە ھاووڵاتییان پێش کۆتایی ھاتنی وادەکە لە تەواوی ئەو بنکانەی کە دیاری کراون بۆ تۆمارکردنی چەک، چەکەکانیان تۆمار بکەن، چونکە بەجێبەجێ کردنی یاسا و ڕێنمایە ئاماژە پێکراوەکان، ڕووداوەکانی توندوتیژی کەم دەبنەوە، بەوەش زیاتر ئەمن و ئارامی پەیدا دەبێت.
بەگوتەی ئەندامانی لیژنەی ناوخۆ لە پەرلەمانی کوردستان، نەھێڵانی دیاردەی چەکداری و کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕی چەکفرۆشان کاریگەریی دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی ڕێژەی تاوان لە ھەرێمی کوردستان، چونکە بەشێکی زۆری ئەو تاوانانەی دەکرێن، بەھۆی چەکەوەیە، بەتایبەتی چەکی بێمۆڵەت، داماڵینی چەک ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر کەمکردنەوەی ڕێژەی تاوان دەبێت.