ئێستە بودجەی ٢٠٢٣ـی عێراق لە پەرلەمانە، بە گوتەی پەرلەمانتاران ھەفتەی داھاتوو پڕۆژەیاسای بودجە پەسەند دەکرێت. بەغداش بڕیاریداوە چوارسەد ملیار دینار وەکو قەرز بداتە ھەولێر بۆ تەواوکردنی مووچەی فەرمانبەران. سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا، دەڵێت: ئەم ھەفتەیە چوار سەد ملیار دینارەکە دەگاتە ھەرێمی کوردستان.
ڕاگرتنی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم زیانی بە ھەموو عێراق گەیاندووە، بەگوتەی پەرلەمانتاران، یاسای نەوت و گاز نەک کێشەی ھەولێر و بەغدا، بەڵکو کێشەی پارێزگاکانی دیکەش لەگەڵ بەغدا چارە دەکات.
رۆژی ١٣/٣/٢٠٢٣، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی پەسەند کرد، زیاتر لە سەد و نەوەد و هەشت ترلیۆن دینارە و ئاماژە بەوەشکراوە، وەک بەشێک لە رێککەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدا، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕۆژانە دەبێت چوار سەد ھەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت.
پەرلەمانتاران، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، ھیچ جۆرە ناکۆکییەکی سیاسی لە نێوان ھێز و لایەنەکان لە بارەی پڕۆژەیاسای بودجە لە ئارادا نییە و ئەو تێبینیانەی ھەیە، لیژنەکانی پەرلەمان لەگەڵ لایەنی جێبەجێکاری حکوومەت چارەی دەکەن.
لە بەغدا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە، پێشکەوتنەکانی پرۆسەی چارەکردنی کێشەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیان تاوتوێکرد.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، لەکۆبوونەوەکەدا ڕەوشی سیاسی و ئابووریی وڵات و گرنگیی یەکخستنی ھەوڵەکانی ھێزە سیاسییەکان بۆ پشتگیریی لە حکوومەتی فیدراڵی و جێبەجێکردنی کارنامەکەی، باس کران.
ھەر لە کۆبوونەکەدا پێشکەوتنەکانی پرۆسەی چارەکردنی کێشەکانی نێوان حکوومەتی عێراقی فیدراڵی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خرانەڕوو کە چارەیەکی ڕیشەیی بێت و پاڵپشت بێت بۆ کاری ھاوبەش بەپێی دەستوور و لەپێناو بەرژەوەندیی ھەموو پێکھاتەکانی وڵاتدا.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەرکی بەغدایە مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان دابین بکات. دەشڵێت: ئێمە لە ھەرێمی کوردستان پێش بەغدا دەستمان بە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە کرد.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لەچوارچێوەی پێشکەشکردنی پانێڵێک لە کۆڕبەندی عێراق، ڕایگەیاند، دەبێت سوپاسی سەرۆکوەزیرانی عێراق بکەین بۆ سەبر و ئارامیان لە ئیمزاکردنی ڕێککەوتن لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان؛ بۆیە دەپرسین کە ئایا مەبەستی سیاسی لەپشتەوەیە کە تا ئێستە ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ نەکراوە، من دەڵێم نەخێر، ھەندێ پرسی تەکنیکی ھەن دەبێت چارەبکرێن، کە ڕێگرن لەبەردەم ئەوەی ڕێککەوتنەکە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، ئێمە لە ھەرێمی کوردستان دڵنیاین لەوەی کە پرسەکە سیاسی نییە، ھیوادارم بە ھەوڵی سەرۆکوەزیرانی عێراق کێشە تەکنیکییەکان چارە بکرێن.
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دەربارەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان، گوتی: ھەرناردەکردنەوەی نەوت ھەموو ڕێکارە یاساییەکانی تەواو بووە بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوومەتەوە و پێم ڕاگەیاندووە دەبێت حکوومەتی عێراق مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان دابین بکات، تا ئەوکاتەی نەوت ھەناردە دەکرێتەوە.
ڕۆژی سێشەممە، ١٨-٤-٢٠٢٣، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبووەوە و بەکۆی دەنگ بڕیاری دا بودجەیەک بۆ ھەرێمی کوردستان بنێرێت کە بڕەکەی چوارسەد ملیار دینارە و بۆ مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستانە.
ئەو بڕیارەی حکوومەت دوای ئەوە ھات کە فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا پێشنیازی کرد کە بەھۆی ڕاگرتنی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان، حکوومەت بودجەیەک بۆ ھەرێمی کوردستان بنێرێت بۆ دابینکردنی مووچە، بۆیە محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەو پێشنازەی خستە دەنگدانەوە و بەکۆی دەنگ پەسند کرا.
فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا، گوتی: بەھەماھەنگی لەگەڵ وەزیری دارایی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕێککارەکانی تایبەت بە ناردنی چوار سەد ملیار دینارەکە لەگەڵ بانکی ڕەشید و بانکی ڕافیدەین تەواوکراوە و ئەم ھەفتەیە پارەکە دەگات.
فارس عیسا، لەبارەی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و بەغداش گوتی: لە دۆخێکی سەقامگیردایە و چەندین ڕێککەوتن لەنێوان ھەردوولا کراوە.