دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

دەزگای خێرخوازیی بارزانی و رێكخراوی پیس فلیچ و كاریتاسی ئەڵمانی تاوتوێی هەماهەنگی و پرۆژەی باشتر دەكەن

ئاریان دەرگەڵەیی – هه‌ولێر

شاندێكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەگەڵ رێكخراوە خێرخوازییەكان، پەرلەمانتاران، كەسایەتی، بەرپرسانی ئەڵمانیا و بەرپرسانی باڵای رێكخراوەكانی پیس فلیچ و كاریتاس كۆ دەبێتەوە. تاوتوێی هەماهەنگی و پرۆژەی باشتر لە داهاتوو دەكەن.

ئەم شاندەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەسەرۆكایەتی موسا ئەحمەد،، سەردانی پارێزگاری شاری ئیسن لە ئەڵمانیای كرد و لەگەڵ تۆماس كوفن، پارێزگاری شارەكە، تاوتوێی پتەوكردنی هاوكارییەكانی نێوان دەزگای خێرخوازیی بارزانی و رێكخراوەكانی ئەڵمانیا كرا.
تۆماس كوفن، پارێزگاری ئیسن دەستخۆشی لە كارەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كرد، بە تایبەت هاوكارییەكانی دەزگای بۆ ناوچەكانی بوومەلەرزە لە توركیا و سوریا بە بەرزی نرخاند، هەروەها سوپاس و دەستخۆشی لە هاوكارییەكانی نێوان دەزگا و رێكخراوەكانی پیس فلیچ و كاریتاسی ئەڵمانی كرد و ئومێدەواربوو هاوكاری و هاوبەشی نێوان دەزگای خێرخوازیی بارزانی و رێكخراوەكانی ئەڵمانیا بەردەوام و زیاتر بن.
لەو دیدارەدا سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی رێزلێنانی دەزگای پێشكەشی پارێزگاری ئیسن كرد و پارێزگاریش مەدالیای رێزلێنانی بەخشییە دەزگای خێرخوازیی بارزانی.
هەر لەو سەردانەیاندا شاندی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە سەرۆكایەتی موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگاكە سەردانی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیای كرد. شاندەكە لە هەر یەك لە ئاوات مستەفا و رەواج حاجی ئەندامانی دەستەی كارگێڕی و شێرۆ شەمۆ جوق بەرپرسی ئۆفیسی شنگالی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێك هاتبوو، سەردانی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیای فیدراڵیان كرد و لەلایەن كلیمەنس سەمتنەر سەرۆكی بەشی قەیران و سەقامگیری و یارمەتیی مرۆیی پێشوازییان لێ كرا.
لە كۆبوونەوەكەدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا دەستخۆشی لە كارەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كرد، بە تایبەت بۆ هاناوەچوونی تیمە فریاگوزارییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لو ناوچەكانی زیانبەركەوتووی بوومەلەرزە لە سووریا و توركیا، بە پێزانینەوە باسی لێ كرد.وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا خوازیاری هاوكاری و پشتیوانیی زیاتر بوو بۆ كارە مرۆییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و داوای هاوكاری و هەماهەنگیی زیاتریان كرد. لە لای خۆیەوە مووسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەستخۆشی و سوپاسی بڕیاربەدەستانی ئەڵمانیای كرد، بۆ بەجینۆسایدناساندنی تاوانكارییەكان لە دژی كوردانی ئێزدی، هیواشی خواست كە لە ئایندە هەماهەنگی و هاوكاریی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و رێكخراو و فەرمانگەكانی دیكەی ئەڵمانیا باشتر و پتەوتر بن.
هەر لە هەمان رۆژ موسا ئەحمەد، سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و نیلسن ئاننین وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان لە ئەڵمانیا كۆبوونەوە و وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا دەستخۆشی لە كار و چالاكییە مرۆییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كرد. هەروەها سوپاسی خێرا بەهاناوەچوونی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كرد بۆ ناوچەكانی بوومەلەرزە. خوازیار بوو لە ئایندەش هەماهەنگیی رێكخراوە مرۆییەكانی ئەڵمانیا و فەرمانگەكانی بەهاناوەچوونی ئەڵمانیا و دەزگای خێرخوازیی بارزانی زیاتر بكرێن.
هەروەها شاندەكەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، سەردانی پەرلەمانی ئەڵمانیان كرد و لەگەڵ پەرلەمانتاران كۆبوونەوە.لە كۆبوونەوەكەدا هەریەكە لە پەرلەمانتاران ئەنگلیكا بریگگێر، نیلس شمید و رۆدریك كیسیوێتەر ئامادەی بوون و هەروەها ماكس لوكس، پەرلەمانتاری ئەڵمانی لە یەكێتی ئەورووپا بە شێوەی ئۆنڵاین بەشداربوو.سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی سوپاسی هەوڵی ئەو پەرلەمانتارانەی كرد، بەتایبەت هەردوو پەرلەمانتار ماكس لوكس و ئەنگلیكا بریگگێر، كە رۆڵی دیاریان هەبوو لە نووسینەوەی یاسایی بەجینوسایدناساندنی تاوانكارییەكان لە دژی كوردانی ئێزدی.
پەرلەمانتارە ئەڵمانەكان، وێڕایی دەستخۆشیكردنیان لە كارە و چالاكییە مرۆییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، پێزانین و دەستخۆشی تایبەتیشیان هێنایە زمان، بۆ خێرا بەهاناوەچوونی تیمە فریاگوزارییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ ناوچەكانی بوومەلەرزە لە سووریا و توركیا.